رووداو دیجیتاڵ
لە سێیەم ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دا، لە شاری سەقزی پارێزگای سنە مانگرتنی گشتییە و بەشی زۆری دووکان و بازاڕەکان داخراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شاری سەقزەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، بەشی زۆری دووکان و بازاڕەکانی ئەو شارە ئەمڕۆ سێشەممە 16-09-2025 داخراون و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە نانەواخانە و مارکێت و شوێنە خزمەتگوزارییەکان کراوەن. هەروەها نێو شارەکە چۆڵە و بەشی زۆری خەڵک لە ماڵەکانیان نەچوونەتە دەرەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزی زۆری ئەمنی و سەربازی لە نێوشار و هەروەها رێگەکانی چوون بۆ گۆڕستانی ئایچی سەقزیش جێگیرکراون بۆ پێشگرتن لە چوونی خەڵک بۆ سەر گڵکۆی ژینا ئەمینی.
ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز رۆژی 16-09-2022 لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا. سێ رۆژ پێش گیانلەدەستدانی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی تاران بە پاساوی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەر کرابوو و لە بنکەی پۆلیس تەندروستی تێکچوو. کەسوکاری ژینا ئەمینی و پارێزەری دۆسیەکەی رایانگەیاندووە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و بەو هۆیە گیانی لەدەستداوە، بەڵام پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رەتی دەکەنەوە.
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ناڕەزایی و خۆپێشاندانی گەورە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە و چەند مانگ درێژەی کێشا و بە سەدان کەس بوونە قوربانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ