کوردستان
ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی کوردستان لە هەولێر، وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی زانکۆی چەرموو دەڵێت، ئەمساڵ لە زانکۆی چەرموو 380 خوێندکار وەرگیراوە و ئەو ژمارەیەش کەمترە لە ژمارەی وەرگیراوانی ساڵی رابردوو. دەشڵێت، لە کاتی کردنەوەی بەشی نوێ لە زانکۆکاندا پەلەکراوە و چاوەڕێی ئەوە نەکراوە کە حکومەت پلانی چییە بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ ئەو بەشانە بڕەخسێنێت.
د. هەڵەت رەشید، سەرۆکی زانکۆی چەرموو بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەو بەشانەی ئەمساڵ خواستی خوێندکارانی لەسەر کەمبووەتەوە، ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی ئەوەی هەلی کاریان کەمبووەتەوە یان نییانە، خواستی خوێندکاران لەسەر ئەو بەشانە کەمبووەتەوە و هەر بەشێكیش لە رێژەی پێویست خوێندکاری نەبێت ئەوا ئەمساڵ ناکرێنەوە و خوێندکارەکانی بەگوێرەی نمرە دەنێردرێنە بەشێکی هاوتای ئەو بەشەی کە وەرگیراون.
ئەو بەشانەی کە لە زانکۆ حکومییەکاندا خواستی خوێندکارانی لەسەر کەمبووەتەوە، بەشێکی هۆکارەکەی ئەوەیە لە دوای تەواوکردنی زانکۆ، خوێندکاران هەلی کاریان دەستناکەوێت. سەرۆکی زانکۆی چەرموو دەڵێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان بەرپرس نین لە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خوێندکاران لە دوای تەواوکردنی خوێندن، بەڵکو دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانان، پلانی ستراتیژییان هەبێت بۆ ئەوەی خەڵک لە بێکاری رزگاربکەن.
د. هەڵەت رەشید، سەرۆکی زانکۆی چەرموو پێیوایە، بەهۆی ئەوەی حکومەت نەیتوانیوە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و گواستنەوە پێشبخات، بۆیە ئەو رێژە زۆرە لە بێکاری هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر حکومەت ئەو کەرتانە پێشبخات و هەلی کار بڕەخسێنێت، ئەوا خەڵک خواستی لەسەر خوێندن لە زانکۆکان کەم دەبێتەوە.
هەفتەی رابردوو بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی چەرموو بەهۆی ئەوەی ناونیشانی کاریان نییە خۆپێشاندانیان کرد و داوایانکرد ناونیشانی کاریان بۆ دیاریبکرێت. سەرۆکی زانکۆی چەرموو دەڵێت، لە رابردوودا بەشێک لەو بەشە نوێیانەی کراونەتەوە پەلەی تێداکراوە و چاوەڕوانی ئەوە نەکراوە کە حکومەت پلانی دۆزینەوەی کاری ئەو بەشانە چییە.
سەرۆکی زانکۆی چەرموو باس لەوە دەکات کە بۆ ئەمساڵ 380 خوێندکار لە زانکۆی چەرموو وەرگیراون و ئەو ژمارەیەش کەمترە لەو ژمارە خوێندکارانەی ساڵی پار لە زانکۆکە وەرگیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ