رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو هەفتە بەسەر کۆبوونەوەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ وەزیرە کوردەکان کە تێیدا بەڵێنی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی هەرێمی کوردستانی پێدان، هێشتا ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەکراوە. ئەم دواکەوتنە نیگەرانی لەنێو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا دروست کردووە.
کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی کە بەدواداچوونی بۆ هۆکاری خەرجنەکردنی مووچە کردووە، دەڵێت کە کێشەکە لە رادەستکردنی 120 ملیار دینارەکەیە لەلایەن هەولێرەوە.
ئەو پەرلەمانتارە بە رووداوی گوت: "رێککەوتنەکە وەک خۆیەتی و هیچ گرفتێکی نییە، ئەوەی هەیە رێکاری حیسابی و داراییە کە وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەیکات. دوو شتی زۆر سەرەکی هەن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. نەوتە، رۆژانە نەوت هەناردە ئەکرێت و هیچ کێشەیەکی نییە، کەواتە پابەندی دووەم رادەستکردنی 120 ملیارەکەیە. ئەبێت رادەست بکرێت، ئەگەر ئەمە رادەست بکرێت هیچ گرفتێک نامێنێت بۆ تەمویلکردنی مووچەی مانگی هەشت."
نەوت یەکێک بووە لە دۆسییە سەرەکییەکان کە بەغدا بەردەوام دەیبەستەوە بە مووچەی کوردستانەوە. بەڵام، لەو رۆژەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت، سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێپەڕاندووە و داهاتەکەشی گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی عێراق. سەرەڕای ئەمانەش، هێشتا کێشەی مووچە چارەسەر نەکراوە.
حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند:
رووداو: دۆخەکە باشە تا ئێستا هیچ کێشەیەک نییە؟
حەمدی شنگالی: تائێستا هیچ عەیبی نییە الحمدلله.
رووداو: بەپێی ئەزموونی خۆت چۆن ئەو رێککەوتنە دەبینی؟ پێتوایە تاسەر بێت و کێشەی دارایی هەرێمی کوردستان چارەسەر بێت؟
حەمدی شنگالی: وەڵا ئێمە لەبەر ئەوە کردوومانە و ئینشاڵڵا واش دەبێت.
رووداو: بەردەوام بابەتی نەوتیان دەکردە کێشە و مووچەیان نەدەنارد. ئێستا ئەوە حەل بووە، ئەی چی دیکە ماوە بکرێت؟
حەمدی شنگالی: حەل دەبێت، هیچ نییە.
بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات و، لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت بکات.
لە کاتێکدا هەفتەی داهاتوو دارایی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەکات، لە هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەخۆران لە چاوەڕوانی مووچەی مانگی هەشت دان.
بەغدا، کە خۆی لەسەر زاری بەشێک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانەوە زۆر جاران باسی لە کێشەی پارەی کاش و نەختینە کردووە کە هەیەتی، بە زەڕەبین بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت تاوەکو خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دوابخات. لە ئێستاشدا بیانووی درەنگ رادەستکردنی داهاتی ناوخۆی پێدراوە. ئەمەش وادەکات دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان لە نادیاریدا بمێنێتەوە و نیگەرانییەکان زیاتر ببن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ