ئەو گەنجە کوردانەی لەکاتی ئاهەنگگێڕان لە کەرکووک دەستگیرکران، تۆمەتەکانیان لەسەر هەڵگیرا

16-11-2021
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی کەرکووک دۆسیەی ئەو 50 گەنجەی داخست کە شەوی 12-10-2021 لە کاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە دەستگیرکران.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 16-11-2021 ئاهەنگ ئەنوەر، پارێزەری راوێژکار کە یەکێک بوو لە پارێزەرانی دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای دەستگیرکردنی گەنجەکانە تیمێک پارێزەری خۆبەخش سەرقاڵی ئەو کێشە بوون تا دواجار توانرا دۆسیەکە دابخرێت".
 
شەوی دووشەممە 11-10-2021 لیوای 61 چوونە گەڕەکی رەحیماوا و لە ئاهەنگی لایەنگرانی پارتی 10 کەسیان دەستگیر کرد و دواتر بە کەفالەت ئازاد کران.
 
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش دا، "گەنجەکان بەپێی ماددەی 222 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکرابوون کە دەقی ماددەکە باس لە گردبوونەوەی نایاسایی دەکات دژ بەهێزە ئەمنییەکان".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاهەنگ ئەنوەر رایگەیاند، "گەنجەکان ئەشکەنجە درابوون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بۆیە بەهۆی بوونی شوێنەواری ئەشکەنجە چەند کەسێکیان سکاڵایان لە دژی ئەندامانی هێزەکەی لیوای 61 تۆمارکردووە، بەڵام چەند کەسێکی دیکەیان سکاڵاکانیان کشاندووەتەوە". 
 
بەڵام لە بەیانیی رۆژی سێشەممە 12-10-2021 لە فولکەی ئیخوان بڵاوەیان بە هێز کرد و شەقامە سەرەکییەکەیان داخست. هەروەها دواتریش لە ئێوارەی هەمان رۆژ چەند بازگەیەکیان دانا و 71 گەنجیان دەستگیر کرد و مۆبایلیان لە بەشێکی خەڵکیش وەرگرتووە.
 
دوای هەوڵی لایەنە کوردستانییەکان، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە ئەو گەنجانە ئازاد بکەن، ئەمڕۆش دۆسیەکەیان داخرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە