رووداو - سۆران
ئەمساڵ بەرهەمهێنانی ماسی نزیکەی 30٪ زیادی کردووە، سامانی ماسیی هەرێمی کوردستان 60٪ـی پێویستیی بازاڕ پڕدەکاتەوە.
لە پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی ماسی لە قەزای پێنجوێن کە رووبەری زەوییەکەی پێنج دۆنمە و ساڵانە نزیکەی 50 تۆن ماسیی لێ بەرهەم دەهێندرێت، جۆری ماسیەکەی سەلەمونە و لە ساخکردنەوەیدا بێ گرفتە، بەلام کێشەی پەنجە ماسی و ئالیکیان هەیە.
فاروق ساڵح، خاوەنی پرۆژەی ماسییە و دەڵێت: "ساڵانە بڕی 40 بۆ 50 تۆن ماسی بەرهەم دەهێنین، بەڵام بەچکە ماسی لە ئێران دەهێنین و خەرجیی زۆرە. لەم وڵاتەشدا تاوەکو ئێستا ئالیکی ماسی نییە بیکڕین؛ دەبێت پەنا بۆ وڵاتانی دراوسێ بەرین."
بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەمساڵ بەرهەمهێنانی ماسی لە هەرێمی کوردستان بۆ لە 30٪ بەرز بووەتەوە. لە کۆی نزیکەی هەزار پرۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی، چوار هەزار تۆن بەرهەمی ئەمساڵ بووە، زیاتر لە هەزار تۆنیش ماسیی راوچییەکان خراوەتە بازاڕ.
سیروان سەعید، بەڕێوەبەرى سامانى ماسى لە وەزارەتى کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 60٪ـی بەرهەمی ناوخۆ بە ماسیی خۆماڵی پڕ دەکرێتەوە و بۆ لە 40٪ـەکەی دیکەش پشت بە ئێران و تورکیا دەبەستین کە بەپێی کەم و زیادی رێگەی سنوورەکانی بۆ دەکەینەوە."
جگە لە ماسیی خۆماڵی ماسیی هاوردەکراویش لە بازاڕەکاندا هەیە. لە کاتێکدا نزیکەی مانگێکە هاوردەکردنی قەدەخەکراوە، بۆیە نرخی نادیارە و ئەو ناوچانەی نزیک سنوورەکانی رۆژهەڵات و باکوری کوردستانن ماسییان لێ هەرزانترە.
ئەکرەم حەمید، ماسیفرۆشە و دەڵێت: "ئێمە ماسیی کارب دەفرۆشین، بە سوورەوەکراوی کیلۆی 10 هەزار دینارە و کاڵیش کیلۆی پێنج هەزار دینارە. خواستیشی زۆر لەسەرە و کڕیاری باشە."
کەمبوونەوەی هەلی کار لە کەرتەکانی دیکەی کارکردندا و تەکنیکی تازەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین لە پرۆژەکاندا دوو هۆکاری سەرەکین لە زیادبوونی بەرهەمهێنانی ماسیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ