رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند ئەوان بە کشانەوە لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رازی دەبن ئەگەر ئیدارەی ناوچەکە لە دەست هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بمێنێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2025، بەرپرسێک لە پەکەکە لە لێدوانی نووسراودا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە: "هەر دەستپێشخەرییەک کە ببێتە هۆی ئەوەی هەسەدە ئیدارەی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکات یان سەرکردایەتیی هاوبەشیان هەبێت، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە لەو ناوچەیە بکشێینەوە."
ئەو بەرپرسەی پەکەکە کە لە قەندیلە، رایگەیاندووە ئەگەر هێزەکانیان لە سووریا بکشێنەوە، لە دوورەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن، ئەگەریش پێویست بکات، هەڵوێستیان لەدژی هێزەکانی تورکیا دەبێت.
بەرپرسەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان پێیوایە داهاتووی سووریا لە دوای 20ی ئەم مانگە دیاری دەکرێت، مەبەستی لەوە ئەو کاتەیە کە دۆناڵد ترەمپ، وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت.
پەکەکە کە لەلایەن تورکیا، ئەمریکا و ئەورووپاوە لە لیستی تیرۆردایە و زیاتر لە 40 ساڵە لەشەڕدایە لەگەڵ ئەنقەرە، بەهۆی ئەوە شەڕەوە زیاتر لە 40 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.
لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، یەکێک لە مەرجەکانی تورکیا بۆ سووریای نوێ، نەمانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە، کە پێکهاتەی سەرەکیی هەسەدەیە، لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی کردووە.
تورکیا رایگەیاندووە دەبێت، هەسەدە هەڵبوەشێتەوە و سەرجەم بەرپرسە باڵاکانی پەکەکەش لە سووریا نەمێنن ئەگینا دەیانکاتە ئامانج، ئەمەش لەکاتێکدایە هەسەدە بە هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دادەنرێت.
لەبەرامبەردا، واشنتن داوای پرۆسەیەکی "گۆڕانکارییەکی گونجاوی" بۆ ئەو گرووپە کردووە. فەرماندەی هەسەدەش رایگەیاندووە، هەر ئەندامێکی پەکەکە لەو گرووپەدا هەبێت لە سووریا نامێنێت، ئەگەر تورکیا بە ئاگربەست رازی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ