رووداو- رادیۆ
چەند هاونیشتمانییەک لە گوندی سرێشمەی سەربە شارۆچکەی خەلیفان لە قەزای سۆرانی سنووری پارێزگای هەولێر بەمەبەستی گەڕان بەدوای پارچەی شوێنەواری و گەنجینە چەند شوێنێک هەڵدەکۆڵن، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفانیش دەڵێت:" هیچ گەنجینەیەکیان نەدۆزیوەتەوە و بەدوای ئەو کەسانەشدا دەگەڕێین".
رائید هەڵکەوت وەڵاشی، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان بە وەکالەت بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، چەند رۆژێک پێش ئێستا هەندێک خەڵک لە سرێشمەی سەر بە ناحیەی خەلیفان بەدوای گەنجینەو شوێنەواردا گەڕاون و شوێن پێکانیان بەجێماوە و چەند شوێنێکیان هەڵکۆڵیووە، بەڵام هیچ گەنجینەیەک نەدۆزراوەتەوە، ئەوەی دەگوترێت هیچی پشتڕاستنەکراوەتەوە، ئەو کەسانەی ئەو کارەشیان کردووە نەناسراون و لایەنی پەیوەندارمان راسپاردووە بەدواداچوون بکات و زانیاری لەبارەی ئەو کەسانە کۆبکاتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان گوتیشی:" هیچ گەنجینەیەک و پارچەیەکی شوێنەواری بەنرخ لەو شوێنە نییە، بەڵام هەندێک خەڵک بە دوای زانیاری هەڵە دەکەون و وادەزانن لەو شوێنانە گەنجینە و پارچەی شوێنەواری هەن".
لە 4-6-2021 هاونیشتمانییەک لە گوندی سرێشمە لەکاتی دروستکردنی حەسار بۆ ئاژەڵەکانی لەنێو زەوییەکەیان گۆزەیەک دەرکەوتبوو، کە پێکهاتووە لە دراوی کانزایی، دواتر لەسەر لێکۆڵینەوە لە گەنجینەکە ناکۆکی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و ئیدارەی ناوچەکە دروستبوو.
کەيفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتيی شوێنەواری ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی ئاماژەی بەوەکردبوو، کە ئیدارەی ناوچەکە لە خەلیفان رێگەی نەداوە تیمەکەیان لێکۆڵینەوەی تەواو بکەن، ئەو کەسانەشی شوێنەکەیان تێکداوە دەیاندەنە دادگە و رێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ