رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدوادچوونی رووداو، دوای کردنەوەی ئاسمانی عێراق، رۆژانە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە نزیکەی 15 گەشتی ئاسمانی دەکرێن. لە فڕۆکەخانەی کەرکووک تاوەکو ئەمڕۆ گەشتەکان دەستیان پێنەکردووەتەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەمڕۆ لە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانەوە تاوەکاو کاژێر 05:00ـی ئێوارە، 13 گەشتی ئاسمانیی دەکرێنب، شەش چوون و حەوت هاتن.
گەشتەکانی چوون لە فڕۆکەخانەی هەولێر ئەمڕۆ بۆ فڕۆکەخانەکانی: عەممان، دۆسڵدۆرف، شاریقە، دووبەی، ئیستەنبووڵ و بەغدا دەبن.
هەروەها گەشتەکانی هاتن بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەم فڕۆکەخانانەوە دەبن: هانۆڤەر، شاریقە، عەممان، دووبەی، دۆسڵدۆرف و ئەنتاڵیا.
هەروەها بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتی جەلال تاڵەبانی (فڕۆکەخانەی سلێمانی) ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سێ هێڵ هەن گەشتیان دەستپێکردووەتەوە، ئەوانەیش شاهانەی ئوردنی، فلای دووبەی و هێڵی ئاسمانیی عێراق".
بەگوێرەی فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی، "گەشتەکان وەکو پێویست نەگەڕاونەتەوە سەر رێڕەوی ئاسایی پێش جەنگ و رۆژانە دوو بۆ سێ گەشت دەکرێن".
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکووک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوای جەنگەوە عێراق بەگوێرەی ریزبەندی فڕۆکەخانەکان دەکاتەوە، تاوەکو ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی کەرکووک نەکراوەتەوە و هیچ گەشتێک نەکراوە".
ئەحمەد وەحید، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی ئێستای گەشتە ئاسمانییەکان باشتربوونێکی بەرچاوی پێوە دیارە و لە زیادبوونی بەردەوامدایە، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ئاسایی خۆی".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو گەشتانەی ئێستا لە فڕۆکەخانەکان دەکرێن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەکان گوتی: "ئێستا رۆژانە لە نێوان 15 بۆ 18 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەکرێن".
لە 28ی شوباتی 2026 و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا. و 10ی ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتەکاندا کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ