شاخەوان عەبدوڵڵا: هیچ بەربەستێک لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای گەڕانەوەی زەویوزار نەماوە

17-02-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا یاسای گەڕانەوەی زەویوزار دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە. گوتیشی، "ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی یان رێکخستنەوەی لە وەزارەتی بەرگریدا دەکات."
 
ئەمڕۆ دووشەممە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بە سەردانێکی فەرمی لە واشنتنە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی چەند پرسێکی تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد.
 
لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، "لەدوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، یاساکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، لە هەنگاوی یەکەمدا گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان هەڵدەوەشێندرێنەوە و لەلایەن حکومەت و وەزارەتی دادەوە دەست بە مامەڵەی گەڕانەوەی زەوییەکان دەکرێت."
 
یاسای گەڕانەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنەکانیان لە رۆژی 11-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا، 13ـی شوباتیش، د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، واژۆی لەسەر کردووە و بۆ وەزارەتی داد نێردراوە، بۆ ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی دا، وەزارەتی داد پێی راگەیاندووە کە لەم یەک-دوو رۆژەدا یاساکە بڵاودەکرێتەوە و "هیچ کێشە و بەربەستێکی لەبەردەم نەماوە."
 
زۆرینەی ئەو زەوییانەی کەرکووک بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە، دەستیان بەسەردا گیرابوو. خاوەنە رەسەنەکانی زەوییەکان کورد و تورکمانن، بەڵام عەرەبی هاوردە سەرەڕای ئەوەی زۆرینەیان قەرەبوو کراونەتەوە، دەست لە زەوییەکان هەڵناگرن و ناوە ناوە کێشە بۆ خاوەنە رەسەنەکان دروست دەکەن.
 
"جیاوازیی زۆر لەنێوان بیرە نەوتەکانی کوردستان و عێراق هەیە"
 
پەرلەمانی عێراق رۆژی 2ی شوباتی 2025 هەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023 و 2024 و 2025ی پەسند کرد، کە مادەی 12ی تایبەت بوو بە دۆسیەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
هەموارەکە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، "جیاوازیی زۆر لەنێوان بیرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە هەیە، بۆیە بە شێوەی سەرەتایی لەسەر ئەو نرخە رێککەوتوون بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت."
 
گوتیشی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە هەردوو وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە، رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاساکە دەستپێبکەن، بۆئەوەی لە زووترین کاتدا نەوت هەناردە بکرێتەوە.
 
25ی ئاداری 2023 هەناردەی زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان وەستا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەیەکی نێوبژیوانی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێککەوتنێکی ساڵی 1973ی پێشێل کردووە.
 
"بەپێی سەرژمێری، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە 15%یە"
 
تاوەکو ئێستا خشتەی بودجەی ساڵی 2025 نەچووەتە پەرلەمان و کاری لەسەر نەکراوە. بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، "بە لەبەرچاوگرتنی دوایین کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بڕوا ناکەم جارێ [خشتەی بودجە] بێتە پەرلەمانی عێراق، و قورسیشە بتوانین لەم دۆخەی ئێستای پەرلەماندا، دانیشتن بکەینەوە و دەنگ لەسەر خشتەی بودجە بدەین."
 
وەکو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، "لەنێو پەرلەمانی عێراق کێشە دروست بووە و لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا کێشەکان زیاتر قووڵ دەبنەوە، لەسەر بابەتی حەشدی شەعبی پەرلەمان نەیتوانیوە دانیشتنەکانی بکات، دانیشتنەکانی پەرلەمان بەردەوام قورستر دەبن، چونکە دەچینە نێو موزایەدەی سیاسی و پرۆژەی نوێ دێتە نێو پەرلەمانەوە، بۆیە تاوەکو ئێستا هیچ دەنگۆیەک نییە، خشتەی بودجەش دەنگی لەسەر نەدراوە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانە نەکراوە."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لە خشتەی خەرجی و بودجەی ساڵی 2025ـدا پشت بە ئەنجامی سەرژمێری ببەسترێت، "بێگومان پشکی هەرێمی کوردستان دەبێتە زیاتر لە 14%ی بودجەی گشتی، ئەمە جیا لەوەی هەندێک ناوچە هەن لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کە سەر بە نەینەوا یان کەرکووکن، بەڵام لەژێر ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان؛ بەوانەوە، پشکەکەی دەگاتە نزیکەی 15%."
 
پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق، لە رۆژانی 16-19ـی تشرینی دووەمی 2024 دەستیپێکرد. بەگوێرەى ئەنجامەکە، ژمارەى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەسە، ئەو ژمارەیە بیانییەکان و پەنابەرانیش دەگرێتەوە.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بۆ دیاریکردنی خشتەی بودجە و خەرجییەکان پشت بە سەرژمێری ببەسترێت، رێژەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراقیش دەگۆڕدرێت، "بۆیە پێموانییە ئەنجامی سەرژمێری بۆ ئەم ساڵ بەکاربهێنرێت، چونکە ئەو کات دەبێت دەستکاری یاسای هەڵبژرادنیش بکرێت و کورسییەکانی پەرلەمانی ببنە 450 کورسی."
 
بەگوێرەى ئەنجامى بەرایی سەرژمێری، لە عێراق و هەرێمی کوردستان 7 ملیۆن و 898 هەزار و 588 خێزان هەن، تێکڕای ژمارەى ئەندامانى خێزان 5.3 کەسە.
 
"لە عێراق هەر سزایەکی ئابووریی ئەمریکا، 100% جێبەجێ دەکرێت"
 
دوێنێ یەکشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەوە راگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق پێنج بانکی ناوخۆیی دیکە لە مامەڵەکردن بە دۆلار قەدەخە دەکات. ئەم هەنگاوەش دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی خەزێنەی ئەمریکا دێت لە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوە و بە قاچاخبردنی دۆلار و پێشێلکارییەکانی دیکە.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا سەبارەت بە رێکارەکانی بانکی فیدراڵی و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا کە بەرامبەر ئەو بانکە عێراقییانە گیراونەتەبەر گوتی، هۆکارەکەی زیاتر بۆ لایەنی عێراقی دەگەڕێتەوە، "چونکە ئەم بانکانە بەپێی ئەو بڕیارەی کە هاتووە شەفاف نین و بەشێک بوونە لە بەقاچاخبردنی پارە بۆ دەرەوەی عێراق."
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سزادانی پێنج بانکی عێراقی، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو بانکانە هیچیان لەو بانکانە نین کە بەشدارن لە پڕۆژەی "هەژماری من"دا.
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "وردە وردە تەنیا ئەو بانکانە دەمێنن کە کوردین یان ئیماڕاتین، چونکە ئەوان زیاتر لەلایەن ئەمریکییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، بۆیە کاروباری پارە و حەواڵەکردن زیاتر لە رێگەی ئەوانەوە دەکرێت."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە، "هەر سزایەکی دارایی ئەمریکا، 100% لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، چونکە تاوەکو ئێستا عێراق مامەڵەی بە دۆلارە، ئەو نەفتەی کە دەفرۆشرێت پارەکەی دووبارە لە ئەمریکاوە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، بۆیە عێراق ناتوانێت هیچ بڕیارێکی ئەوان جێبەجێ نەکات، لەبەر ئەوەی دەتوانن هەنگاوی دیکەیان بەرامبەر بگرنەبەر."
 
"ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکات"
 
دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆککۆماری ئەمریکا، هەندێک لایەنی شیعەی عێراقیی نزیک لە ئێران نیگەرانی قووڵبوونەوەی کێشەی نێوان بەغدا و واشنتنن.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە دەڵێت، "بەشێک لە لایەنەکان (فصائیل) کە لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بینیومانن، بە هاتنەوەی ترەمپ گەشبین نین و پێیان وایە کە ئەو پەیوەندییەی هەبووە، ئاڵۆزتر دەبێت و باشتر نابێت."
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، "ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوە یان رێکخستنەوەی(دمج) حەشدی شەعبی دەکات، بە جۆرێک کە رێکبخرێنەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری یان وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا یان هەر دامەزراوەیەکی ئەمنیی دیکە."
 
وەکو جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە قورسی کاری لەسەر دەکات، "بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە لایەنە شیعەکان رەتی دەکەنەوە حەشدی شەعبی رێکبخرێتەوە؛ رەتکردنەوەی هەندێکیان بەهۆی بەرژەوەندیی کەسیی خۆیانە، چونکە ئەگەر لەگەڵ وەزارەتی بەرگری یەکبگرنەوە، لەوانەیە ژمارەی راستەقینەیان دەربکەوێت، نەک ئەو ژمارەیەی ئێستا لەسەر لیست هەیە و مووچەی پێ وەردەگرن."
 
تێکڕاى بودجەى دەستەى حەشدی شەعبی لە خشتەى بودجەى 2024، دەگاتە زیاتر لە 4.3 تریلیۆن دینار.
 
حەشدى شەعبی لە 16ی حوزەیرانى 2014 و لەسەر داواى مەرجەعى شیعە بۆ رووبەڕووبوونەوەى چەکدارانى داعش دامەزرا.
 
"لووتکەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت"
 
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و دیمەشق کرد و گوتی، مانگی ئایاری ئەم ساڵ، لووتکەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت کە بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سووریاش دەنێردرێت؛ "راستە لە بەغدا دەکرێت، بەڵام لووتکەی عەرەبی ئەوە دەخوازێت کە سەرجەم وڵاتانی عەرەبی تێیدا بەشدار بن."
 
رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 رووخا، ئێستا دەسەڵاتێکی نوێ لە سووریا هەیە و ئەحمەد شەرع وەکو سەرۆککۆماری راگوزەری وڵاتەکە دیاری کراوە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "چاوەڕوان دەکرێت سووریا لە لووتکەکەدا بەشدار بێت."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردانەکەیاندا بۆ نیویۆرک و واشنتن، لەگەڵ سەرۆکی چەند وڵاتێکی ئەورووپی و عەرەبی کۆبوونەتەوە و بڕیارە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسیی ئەمریکیش کۆببنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.