رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت و جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەش دەبێتەهۆی ئەوەی ئەمریکا بۆ ماوەی چوار ساڵ هاوکاریی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە بکات.
لیوا رووکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: "وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون کە بریتین لە ئەنجامدانی چاکسازی، کۆکردنەوەی هەموو هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و کاری هاوبەش بۆ شەڕی دژی تیرۆر، بەڵام پرۆسەی چاکسازی زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت و هۆکارەکەشی بۆ ناتەبایی سیاسی دەگەڕێتەوە".
بە گوتەی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، ئێستا کاری لەپێشینەی هێزەکانی هاوپەیمانان دۆسیەی روسیا و ئۆکراینایە و عێراق و پێشمەرگە لە دۆسیە لەپێشینەکان نین؛ هەربۆیە ئەگەر چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە و خاڵەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جێبەجێ نەکرێن، بە دڵنیاییەوە هاوکارییە دارایی و لۆجیستییەکانی پێشمەرگە مەترسی راگرتنیان لەسەرە.
بە گوتەی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، "ناتەبایی سیاسی، بەتایبەت ناتەبایی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەیە".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە نەبوونی وەزیر لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد کە لە مانگی 12ـی ساڵی 2022ـەوە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە پشکی یەکێتی نەگەڕاوەتەوە وەزارەتەکەی و دواتریش ئەو حیزبە ناوی رێباز بیرکۆتی پێشکێش کرد بۆ وەزیری پێشمەرگە، بەڵام تائێستا متمانەی پێنەبەخشراوە، گوتی: "نەبوونی وەزیر لە وەزارەتی پێشمەرگەدا ئاستەنگی بۆ کاروباری وەزارەت دروستکردووە".
یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ساڵی 2016 واژۆکرا و لە ساڵی 2022شدا نوێکرایەوە.
بەپێی ئەو یاداشتنامەیە هێزەکانی ئەمریکا هاوکاریی دارایی مانگانە و پێداویستیی سەربازی و مەشق و راهێنان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکەن، بەڵام دەبێت سەرجەم هێزەکانیش لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکبخرێن و هاوئاهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ