لە 26 گوندی دارەشەکران کارەبای نیشتمانی کەمە و مووەلیدەی گشتیش نییە

19-08-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
کەمیی کارەبای نیشتمانی و نەبوونی مووەلیدەی گشتیی لە دارەشەکران
کەمیی کارەبای نیشتمانی و نەبوونی مووەلیدەی گشتیی لە دارەشەکران
نیشانەکردن کارەبا دارەشەکران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاشا، نیڤشکانە (خاوەن پێداویستیی تایبەتە) و، ماوەی مانگێکە دوایین نەشتەرگەریی بۆ کراوە، گەرما ئازاری جەستەی زۆر زیاتر کردووە. پاشا لە گوندی گەروودەڵانی ناوچەی زرارەتیی سەر بە ناحیەی دارەشەکران دەژی و بەم هاوینە تەنیا 10 کاژێر کارەبای نیشتیمانیان هەیە و هیچ مووەلیدەیەکی گشتیش لە گوندەکەیاندا نییە.
 
پلەی گەرمی سەرووی 45 پلەی سیلیزییە لە کاتی نیوەڕواندا لە گوندی گەروودەڵان، بەڵام بەو کاتە گەرمەش، کارەبا نییە. پاشا مەجید،  دانیشتووی گوندەکە قسە بۆ رووداو دەکات و، دەڵێ "کاتەکەی (کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی) زۆرە و 12 کاژێر مووەلیدەی بچووک بەرگە ناگرێ، ئەو توانایەمان نییە مووەلیدەی گەورەش بەکاربهێنین."
 
هەوری ئیسماعیل، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکە دەڵێ کچێکیان بەهۆی گەرما نەخۆش کەوتووە، "بەخوا بەردەوام تای هەیە، ئەوەی دیکەشیان نیڤشکانە و نەخۆشە، ئەوە چەند جارێک نەشتەرگەریی بۆ بکرێت. وەڵا، خەوم هەر نییە، شەوان هەڵدەستمەوە و دێمە دەرێ."
 
گرفتی کەمیی کارەبای نیشتیمانی لە گوندەکانی ناحیەی دارەشەکران هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە.
 
لە گوندی چنارۆک کە ئەویش یەکێکە لە گوندەکانی زرارەتی، هەرکەسێک بدوێنیت، هەمان گلەیی هەیە. کڕینی گازیش بۆ مووەلیدە بە گوتەی سەنگەر بەکر، دانیشتووی گوندەکە، رۆژانە نزیکەی 10 هەزار لەسەریان دەکەوێت. 
 
سەنگەر بەکر، باسی ئەوە دەکات ئەگەر کارەبایان نەبێت، ئاو و سەهۆڵیشیان نابێت، وەک خۆی دەڵێ "یەک لەوانە، رۆژی شەممە، ئێوارەکەی چوومە بەحرکە و بەفر نەبوو بیکڕم. (بۆ مووەلیدەش) پێمدەکرێ گازەکەی تێبکەم، هەرچۆنێک بێت کێشەم نییە، ئەو هاوینە 300 دۆلار یان 400 دۆلار بە گاز دەدەم کێشەم نییە، بەڵام ماڵی دایکم کە نەخۆشە و شەکرە و پەستانی خوێنی هەیە، ئێستا برایەکەم چووە  پارەی بۆ قەرزکردووە و موبەریدەی شەحنی بۆ کڕیوە.''
 
باسی کەسانی دیکەش دەکات کە بەهۆی گەرما و نەبوونی کارەبا، ژیانیان زەحمەت بووە و دەڵێ "ئامۆزایەکەم منداڵێکی بچووکی هەیە نەخۆشە، ماڵی خەزووری لە هەریرە بۆیە ئەوە چوار رۆژە بەهۆی ئەو گەرمایە، بردوونەتییەوە و خۆی بەتەنیا لە ماڵ دەژی."
 
لە گوندەکانی زرارەتی، تەنیا لە دوو گوندیاندا مووەلیدەی گشتی دانراوە، بەهۆی ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو دوو گوندە نزیکەی 400 ماڵە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر باسی ئەوە دەکات، کێشەی نەبوونی کارەبا  لە زرارەتی هەیە، دەڵێ ئەو کێشەیە لە شەمامک، دەشتی هەولێر، خەبات و ناوچەی زرارەتی هەیە، "لە هاویندا دۆخی هەولێر سەختە و پێمانوانییە بە دادپەروەری ئەو بابەتە کرابێت، هیوادارین پێداچوونەوە بکرێت و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش هەیە."
 
26 گوند سەر بە ناحیەی دارەشەکرانن، بە گوتەی بەرپرسانی ناحیەکە 10 هەزار کەس لەنێو دارەشەکران و گوندەکانیدا دەژین.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن