گەورەترین پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە مێرگەسۆر دەکرێتەوە

18-09-2021
بەختیار قادر
بەختیار قادر
وێنەی پرۆژەکە
وێنەی پرۆژەکە
نیشانەکردن کارەبا لە وزەی خۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گەورەترین پرۆژەی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا لەسەر ئاستی عێراق لە گوندی رێزانی مێرگەسۆرە. بە دانانی سێ هەزار و 840 پەنەلی تیشکی خۆر، بڕی یەک مێگاوات تەزووی کارەبایان لێ بەرهەم دەهێندرێت، چوار مانگیشە پرۆژەکە بەشێوەی ئەزموونی کاری پێدەکرێت.
 
جەمال عەبدوڵڵا، ئەندازیاری کارەبایە و دەڵێت، "بەپێی ئەو داتایانەی لە پرۆژەکە وەرمانگرتوون لە ماوەی چوار مانگی کارکردنیدا، 95٪ـی پڕۆژەکە ئامانجەکەی پێکاوە و زۆرباش دەرچووە."
 
رووبەری پرۆژەکە تەنیا 13 هەزار مەترە، تەکنەلۆجیاکەی ئەڵمانییە و تێچووی یەک ملیۆن و 300 هەزار دۆلار بووە، بە شێوەی 24 کاژێری تەزووی کارەبا دەداتە گوندێکی گەشتیاری.
 
سیروان بارزانی، خاوەنی پرۆژەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راستە تێچووی هەیە لە کاتی دروستکردندا، بەڵام بۆ ئەوەی تێستێکی راست و دروست بێت بۆ هەموو هەرێمی کوردستان، کەرتی تایبەت و گشتی و بزاندرێت سەرکەوتنەکەی لە چ ئاستێکدایە و لە بواری ماددی و ئابووریدا چۆنە. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە ژینگە دەپارێزێت، ئێستا ئەو مێگاواتە 13 هەزار مەتری گرتووە وەک ئەوە وایە تۆ 15 هەزار دارت چاندبێت، جگە لە رێگری لە بڵاوبوونەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازە ژەهراوییەکان لە جیهان کەمدەکەیتەوە."
 
ئێستا هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، 91٪ـی بەرهەمهێنانی کارەباکەی لە رێگەی سوتەمەنییەوەیە.
 
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 9٪ـی تەزووی کارەباکە ئەوانەن کە سەرچاوەی بەرهەمهێنانیان ئاوە کە پێی دەڵێن دۆستی ژینگە، هەروەها 165 مێگاوات لە گەرمیان بەرهەمدەهێندرێت. تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتووش، بڕی 38 مێگاواتی دیکە لە دێرەلووک زیاد دەبن، 300 مێگاواتی دیکەش نیازمانە لە رێگەی تۆرباینی ئاوەوە بەرهەمی بێنین و لەم کابینەیەدا سەرچاوەی کارەبای ئاو و خۆر دەگاتە 18 بۆ 20٪. 
 
جگە لە سووتەمەنی، زۆربەی ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان، هۆیەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبایان هەیە، سەرەتا تێچووەکەیان زۆرە، بەڵام لە کاتی سوود لێوەرگرتنی بێسەرئێشە و تێچوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە