رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 07:38 خولەکی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە سلێمانی بیسترا و دواتر دەرکەوت کە خانوویێکی سێ نهۆمی بەهۆی ''تەقینی تانکی غازەوە'' تەقییەوە بە تەواوی رووخا کە بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش برینداربوون کە دووانیان لە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانین.
لەوکاتەوەی رووداوەکە روویداوە تاوەکو نزیک کاژێر 12:20 خولەکی بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 18-11-2022 تیمەکانی فریاگوزاری و تەندروستی سەرقاڵی دەرهێنانەوەی ئەو کەسانەن کە هێشتا بێسەرووشوێنن. بەگوتەی پەیامنێری رووداو، تیمەکان بە دوای شەش کەس لە بێسەروشوێنبووەکاندا دەگەڕێن.
نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لەبەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی لەبارەی دوایین زانیارییەکانی تەقینەوەکەی سلێمانی رایگەیاند، نزیک کاژێر 05:40 خولەکی بەیانیی رۆژی هەینی چوار کەسی دیکە لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکەی گەڕەکی کازیوە دەرهێنران و بەهۆیەوە دووانیان گیانیان لەدەستداوە کە دایکێکی 30 ساڵ و کوڕێکییەتی کە تەمەنی 6 مانگە.
وەک پەیامنێری رووداو دەڵێت، تاوەکو ئێستا هەموو تەرمەکان لە دادپزیشکی سلێمانین و چاوەڕوان دەکرێت گەڕانەکان تەواو ببێت، دواتر تەرمەکان رادەستی کەسوکاریان بکرێتەوە.
رۆژی هەینی 18-11-2022، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شوێنی تەقینەوەکەی گەڕەکی کازیوەی سلێمانی دوایین ئامار و رێوشوێنەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی خستەڕوو. وەک هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی، لە رووداوەکەدا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەس بریندار بوون. بەڵام دواتر لە شوێنی رووداوەکەدا تەرمێکی دیکە دۆزرایەوە و گیانلەدەستدان گەیشتە 12 کەس.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 17-11-2022، لە خانوویێکی گەڕەکی کازیوە دوو لە سلێمانی تەقینەوەیەک روویدا. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە تەقینەوەکە بەهۆی غازی LPG بووە."
شاهێدحاڵێکیش قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و رایگەیاند، ئەو خانووەی کە تەقینەوەکە تێیدا روویداوە سێ قاتە و بە تەواوی رووخاوە. گوتیشی، "چەند کەسێک لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکە ماونەتەوە و تائێستا دەرنەهێنراون."
شاهێدحاڵێکی دیکە قسەی بۆ رووداو کرد و باسی لەوە کرد، ئەو ماڵە میوانیان هەبووە و قەرەباڵخ بووە. گوتیشی، "تەرمی کەسێکمان دەرهێنا و چەند کەسێکی دیکەیشمان بە برینداری رزگار کرد، بەڵام رەنگە نزیکەی 20 کەسی دیکەیش لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکە مابن."

تەقینەوەکەی سلێمانی لە ماڵی حاجی شێخ مەزهەر سیرێ روویداوە و بەپێی زانیارییەکانی کەسێکی نزیکی ئەو ماڵباتە بۆ رووداو: تاوەکو ئێستا شێخ مەزهەر خۆی بریندارە و خێزانی و کچێکی گیانیان لەدەستداوە لەگەڵ چوار کەسی دیکەی ماڵباتەکەی
نێچیرڤان بارزانی: بیر و دڵم لای خێزان و کهسوکاری قوربانیانی تهقینهوهکهی سلێمانییه
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوی تەقینەوەی غاز لە خانوویەکی گەڕەکی کازیوە دوو لە سلێمانی رایگەیاند، "بیر و دڵم لای خێزان و کهسوکاری قوربانیانی رووداوی تهقینهوهکهی ئیمشهوی سلێمانییه."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بیر و دڵم لای خێزان و کهسوکاری قوربانیانی رووداوی تهقینهوهکهی ئیمشهوی سلێمانییه. سهرهخۆشییان لێدهکهم، هاوخهمیانم. خوای مهزن گیانی قوربانیان به بهزهیی و میهرهبانیی خۆی شاد بکات، ئارامی و دڵنهوایی به ههمووان ببهخشێت. هیوای زووچاکبوونهوه بۆ برینداران دهخوازم."
لەبارەی رووداوەکەوە بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی قسەی کردووە و "له نزيكهوه بهدواداچوونى بۆ رووداوى تهقينهوهكهى غازى ئيمشهوى سلێمانى كرد كه بههۆيهوه بهداخهوه ژمارهيهك هاووڵاتى گيانيان له دهستدا و ژمارهيهكى ديكهش بريندار بوون."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لە رێگەی پارێزگاری سلێمانییەوە "پرسه و سهرهخۆشى ئاراستهى خێزان و كهسوكارى قوربانيان كرد و هاوسۆزى و هاوخهمى لهگهڵياندا دهربڕى، ههروهها هيواى زووچاكبوونهوهى بۆ برينداران خواست و ئامادهيى بۆ ههموو هاوكارى و پشتگيرييهك بۆ لايهنه پەیوەندیدارهكانى پارێزگاى سلێمانى دهربڕى."
مەسرور بارزانی: بەدواداچوون بۆ رووداوە دڵتەزێنەکەی ئەمشەوی سلێمانی دەکەین
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی تەقینەوەکەی سلێمانی بە تەلەفۆن لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی قسەی کرد و رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ "رووداوە دڵتەزێنەکەی" ئەمشەوی سلێمانی دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی راسپارد "کە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت، بەدواداچوونی ورد و خێرا بۆ ھۆکاری رووداوە دڵتەزێنەکە بکەن و بەھانای زیانلێکەوتووانەوە بچن و ھەرچی پێویست بێت."
دەقی راگەیێندراوەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
سەرۆکی حکومەت بەدواداچوون بۆ ڕووداوە دڵتەزێنەکەی ئەمشەوی سلێمانی دەکات
بۆ بەدواداچوونی ڕووداوی تەقینەوەی غاز لە شاری سلێمانی ، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، کەمێک لەمەوبەر پەیوەندی بە پارێزگاری سلێمانی ھەڤاڵ ئەبوبەکرەوە کرد و ڕایسپارد کە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت، بەدواداچوونی ورد و خێرا بۆ ھۆکاری رووداوە دڵتەزێنەکە بکەن و بەھانای زیانلێکەوتووانەوە بچن و ھەرچی پێویست بێت ئەنجامی بدەن.
سەرۆکی حکومەت ھەروەھا پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان دەربڕی و ھیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازێت.
قوباد تاڵەبانی: رووداوە دڵتەزێنەکەی گەڕەکی کازیوەی سلێمانی هەموومانی ماتەمبار کرد
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی "رووداوە دڵتەزێنەکەی گەڕەکی کازیوەی سلێمانی" راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو رووداوە "هەموومانی ماتەمبار کرد."
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "رووداوی دڵتەزێنی تەقینەوەکەی گەڕەکی کازیوەی سلێمانی هەموومانی ماتەمبار کرد. لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکە دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم."
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام لەسەر هێڵم بۆ هەر کارێکی پێویست، لەئێستادا هەموو هێزە ئەمنی و پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی بەهاناوەچوونی قوربانیان و رزگارکردنیانن و نەخۆشخانەکانمان بەهەموو توانایانەوە لەئامادەییدان." قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا "لێکۆڵینەوەی ورد دەکرێت لەپێناو رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەم شێوەیە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: 30 کەس لەنێو خانووەکەدا بوون
ئازاد حەمەئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمەی روویداوە کارەساتێکی زۆر ناخۆشە و لێکۆڵینەوەش کراوە و تیمەکانیش بە دوای ئەوەدا دەگەڕێن کە بێسەرووشوێنبووەکان بدۆزنەوە. تەقینەوکەش بەهۆی غازی شۆڤاژەوە رەنگە روویدا بێت، ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەش دەدات، کە لەکاتی تەقینەوەکەدا 30 کەس لەنێو خانووەکەدا بوون، ئەمشەویش هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی سەرجەم بێسەرووشوێنبووەکان بدۆزرێنەوە.
کەسێکی بنەماڵەی قوربانییەکان ئەوەی بە رووداو راگەیاند کە زۆربەی قوربانییەکان ژن و منداڵن. لەنێو ماڵەکەشدا وەستایەکی غاز هەبووە کە سەرقاڵی کارکردن بووە لە سیستمی غازەکەدا و ئەویش گیانی لەدەستداوە. هەروەها "یەکێک لە بریندارەکان کەسێکی 17 ساڵە و تەندروستیی ناجێگیرە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری چڕدایە."
پارێزگاری سلێمانی: لێکۆڵینەوەکان دەریخستووە تەقینەوەکە بەهۆی تەنکیی غازەوە بووە
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین پابەندی ئەو پشتێنە ئەمنییەبن کە هێزەکانی بەرگریی شارستانی دروستیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن".
تاوەکو ئێستاش ژمارەیەک هاونیشتمانی لەژێر داروپەردووی خانووەکاندا ماونەتەوە و پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت: "داوامان لە تیمەکان کردووە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەن لەبەر گیانی ئەو خەڵکەی لەژێر داروپەردووکاندان ماونەتەوە".
لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکە د. هەڤاڵ ئەبوبەکر رایدەگەیێنێت: "بەشی تەقینەوەی ئاسایشی سلێمانی دوای لێکۆڵینەوە دووپاتی کردووەتەوە رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی تەنکی غازی سەربان روویداوە."
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی پێوەکردووم و هاوخەمیی خۆی لە رووداوەکە دەربڕیوە و هەموو پشتیوانییەکی خۆی راگەیاندووە بەوەی هەر شتێک پێویستبێت ئەوان بەدەممانەوە دێن". بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی: "تیمەکان ئێستا سەرقاڵن ئۆتۆمبێلەکان لە شوێنی رووداوەکە دووردەخەنەوە و زۆر بە وریاییەوە خەریکن بەشوێن ئەو کەسانەدا دەگەرێن کە لەژێر داروپەردووەکاندا ماون".
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت: "جگە لە سەرۆکی حکومەت، وەزیری پەروەردە و پارێزگاری هەولێر و سەرجەم ئەو لایەنانەی دیکە پەیوەندییان پێوەکردووم و هاوخەمیی خۆیان بۆ رووداوەکە دەربڕیوە و پشتیوانییان بۆ دەربازکردنی قوربانییەکان و چارەسەریان دەربڕیوە، پارێزگای سلێمانی لە ئامادەیی تەواودایە و هیوادارین نەگاتە ئەو ئاستەی پێویستمان بە هیچ شتێکبێت".
بافڵ تاڵەبانی: دڵمان لەگەڵ خێزان و كەسوكاری قوربانییانی رووداوە دڵتەزێنەكەی سلێمانییە
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رایگەیاند، "دڵمان لەگەڵ خێزان و كەسوكاری قوربانییانی رووداوە دڵتەزێنەكەی ئەمشەوی سلێمانییە و هاوسۆزی خانەوادە بەڕێزەكانیانین، هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین و خۆمان بە هاوبەشی ئەم خەمە گەورەیە دەزانین."
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا داوای لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكان کرد "بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و خۆنەویستییەوە ئەركەكانیان راپەڕێنن و هەموو تواناكانی خۆیان لەپێناو بەهاناوەچوونی لێقەوماواندا بخەنەگەڕ."
هەر لەبارەی رووداوی تەقینەوەکە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا "هاوخەمی و دڵتەنگیی خۆی بۆ رووداوەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی دەردەبڕێت و پرسە و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەنێرێت و هیوای هەرچی زووە چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت و ئامادەیی هەر هاوکاریکردنێکیش دەردەبڕێت و هیوادارین شاری سلێمانی لەهەر رووداوێکی تری نەخوازراو بەدور بێت."
رۆژی هەینی ماتەمینی گشتی لە سلێمانی رادەگەیێندرێت
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە هاوخەمیی خۆی بۆ "کارەساتەکەی" گەڕەکی کازیوەی سلێمانی دەردەبڕێت و دەڵێت "رۆژی هەینی 18ی تشرینی دووەم، وەک رۆژی پرسەی گشتیی لە سنووری پارێزگاکەمان رادەگەیێنین، پرسە و پەژارەی خۆمان بۆ قوربانییەکان دەردەبڕین و هیوای چاکبونەوەی خێرا؛ بۆ بریندارەکان دەخوازین."
پارێزگاری سلێمانی سوپاسی هەموو هاووڵاتییانی شاری سلێمانی و دامودەزگە حکومییەکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی دەکات کە "بەو پەڕی دڵسۆزییەوە هاوکار و هەماهەنگ بوون، سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین کە هاوخەمیی و پشتیوانیان بۆ پارێزگاکەمان دەربڕی."
چەند ڤیدیۆیەک بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون کە تێیدا کاتی تەقینەوەکە پێشان دەدات و ئاگرێکی گەورە لە گەڕەکی کازیوە 2 لە سلێمانی بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ