کوردێک بەربژێرە بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا؛ کۆمپانیایەکی وڵاتەکەی لەسەر هەڵەبجە داوەتە دادگە

17-11-2023
هێمن عەبدوڵڵا
هاوڕێ رەحیمی، بەربژێرێکی کورد بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا
هاوڕێ رەحیمی، بەربژێرێکی کورد بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوڕێ رەحیمی هاونیشتمانییەکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کاتێک تەمەنی 11 ساڵ بووە خێزانەکەی بۆ هۆڵەندا کۆچدەکەن، کاتێک دەگەنە ئەو وڵاتە، لەگەڵ باوکی لەو کۆمپانیایەی کە چەکی کیمیایی فرۆشتووە بە سەدام حسێن سکاڵا تۆمار دەکەن. هاوڕێ رەحیمی خولی پێشووتر لە پەرلەمانی هۆڵەندا لەسەر لیستی فێ فێ دەی ئەندام بوو، ئێستاش بەربژێری هەمان لیستە بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا. 
 
رەحیمی چیرۆکی خۆی لە سەردەشت و ئاوارە بوونیان و ساتی کیمیابارانکردنی ناوچەکەیان، کۆچکردنیان بۆ ئەوروپا و وڵاتی هۆڵەندا لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی دەکات، دەگێڕێتەوە. 
 
ئەو بەربژێرەی پەرلەمانی هۆڵەندا دەڵێت، "جارێکی دیکە خۆم بەربژێر کردووە بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا، بەربژێری ژمارە 44ـم، ئەو کارەی ئێستا دەیکەم بۆ من زۆر گرنگە و لە دڵیشەوە دەیکەم. ئەگەر 20 هەزار کەس دەنگم پێبدات دەتوانم جارێکی دیکە  بچمەوە پەرلەمان و ئەگەریش دەرنەچووم زۆر ئاساییە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەو بەربژێرە چیرۆکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سەردەشت بۆ زۆرینەی هۆڵەندییەکان باس کردووە لە کۆبوونەوە و دیدار و کۆبوونەوەکاندا، دواتر کاتێک لەگەڵ خێزانەکەی دەچنە هۆڵەندا لەگەڵ رەحیمی لەگەڵ باوکی سکاڵا لە کۆمپانیایەک تۆمار دەکەن بە تۆمەتی فرۆشتنی چەک و مادەی کیمیایی بە سەدام حوسێن، بەکارهێنانی لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سەردەشتدا. 
 
رەحیمی لەوبارەیەوە دەڵێت، بۆ ئەو جێگەی شانازی بوو، لەگەڵ باوکی زۆر خەریک بوون کە خەڵک ئەوە بزانێت کە ئەو کۆمپانیایەی ماددە کیمیاییەکەی فرۆشتووەتە سەدام حوسێن هۆڵەندییە، هەروەها گوتی، ئەو کاتەی سەردەشت کیمیابارانکرا هەموو کەس بێدەنگ بوو بۆیە کیمیابارانکردنی هەڵەنجەی بەدواداهات. 
 
بەرلەوەی بەربژێر بکرێت بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا هاوڕێ رەحیمی خاوەنی کۆمپانیایەکی ئایتی بووە، ئەو بە گرنگییەوە باسی کارکردنی دیجیتاڵی دەکات و باسی لەوەکرد کە ئێستا چوار ملیۆن هۆڵەندی هەن کە رەتیدەکەنەوە ببنە دیجیتاڵی، بەڵام لە کارکردنی رۆژانەدا گرنگە بۆیە "دەمەوێت لە پەرلەمان هاوکاری ئەو کەسانە بکەم کە کاردەکەن، دوو ملیۆن کۆمپانیا لە هۆڵەندا هەن و کاردەکەن، من بۆ دوو ئامانج چوومەتە پەرلەمانی هۆڵەندا، یەکەم دیجیتاڵ، دووەم کۆمپانیاکان."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هاوڕێ رەحیمی، بەربژێری حیزبی فێ فێ دەی لە هۆڵەندا: 
 
رووداو: سەرەتا کە ئێوەمان بینی لە شاری ڤێس لە نزیک ئەمستردام ئەوکات بەربژێر بووی، لەگەڵ خەڵک لە شەقام قسەت دەکرد و پێدەکەنی و سڵاوت لەم و لەو دەکرد، هێشتا نەگەیشتبوویە نێو پەرلەمان و ئێستاش لە نێو پەرلەمانی.
 
هاوڕێ رەحیمی: بەخێربێن، ئێستا لە نێو پەرلەمانین و بەهاوکاری جەنابت و کوردی ئێرە و کۆمپانیاکان و هەروەها هۆڵەندییەکان ماوەی 660 رۆژە لێرەم و ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندام.
 
رووداو: چەند وێنەیەکت بە دیواری نووسینگەکەت لە نێو پەرلەمانی هۆڵەندا هەڵواسیوە، ئەمانە چین؟
 
هاوڕێ رەحیمی: یەکەم وێنەی هۆنزی خۆیە کە یەکێک بوو لە پەرلەمانتارە ناسراوەکانی فێ فێ دەی، هەروەها سەبارەت بە وێنەی دووەمیش، من پێش ئەوەی بێمە نێو پەرلەمانی هۆڵەندا کۆمپانیایەکی ئایتیم هەبوو، بیرم لەوە کردووە چۆن لە بیرم نەچێ کە من نوێنەری ئەو کۆمپانیایانەم لەنێو پەرلەمان و وێنەکەم هەڵواسی بۆ ئەوەیە هەمیشە لەبەر چاوم بێت و چۆن بتوانم هاوکارییان بکەم و قازانج بکەن و هەلی کاری زۆرتر رابگەیێنن و خەڵک سوودیان پێبگەیێنێت و خەڵکیش بە گشتی سوودیان لێوەربگرن.
 
رووداو: ئەمە گرنگە مەبەستت ئەوەیە کەسێک کۆمپانیایەکی هەیە و بۆ نموونە کوردێک سەرتاشخانەیەکی هەیە و یەکێکی دیکە چێشتخانەیەکی هەیە و  یەکێکی دیکە سوپەرمارکێتێکی هەیە و دەتەوێ هاوکارییان بکەی؟
 
هاوڕێ رەحیمی: بەڵێ من کاریان بۆ دەکەم، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە رۆتەردام بووم، زۆر کۆمپانیای کوردی لەوێ هەن و لانیکەم سەت دانەی لێیە، قسەم لەگەڵیان کرد و پێم گوتن کێشەکانتان چین، جا بۆ من جیاوازی نییە ئەوانە خەڵکی کوێن و لە کوێوە هاتوون، ئێمە لێرە نزیکەی دوو ملیۆن کۆمپانیامان هەن، هەمووشیان کێشەکانیان یەکە، بۆ نموونە چۆن لەگەڵ دەوڵەت کاربکەن، یان باج کەمبکرێتەوە یان پرکردنەوەی فۆڕمەکان و ئەمانە هەمووی کە لەوانەیە نەتوانن قازانجی زۆر بەدەستبێنن، بۆیە گرنگی بەوە نادەم خەڵکی کوێبن، من پشتیوانیتان دەکەم.
 
رووداو: ئێوە کەسێکی دیجیتاڵین و خۆت خاوەن کۆمپانیایەکی ئایتی بوویت، لەسەر دەرگای نووسینگەکەشت نووسراوە کە یەکێک لە پیشەکانت ئایتی بووە، بەڵام لە ژوورەکەت وایت بۆردێکت هەیە ئەمە دیجیتاڵی نییە، ئەمە چییە؟
 
هاوڕێ رەحیمی: دەزانی چییە، نابێت ئەوەم بیربچێتەوە کاتێک لە تەمەنی یازدە ساڵی هەڵاتین و هاتینە ئێرە ئەمە یەک، دووەم ئێستاش پەرلەمانتارم، جا ئەم وایت بۆردە کە هەڵمواسیوە، لەیەکەم رۆژەوە بە ماجیکەکەم لە سەرەوە رۆژەکانی پەرلەمانتاریم دەنووسم، بۆ نموونە ئەمڕۆ نووسیم 660 رۆژ، بەیانی دەیکەمە 661 رۆژ، هەروەها ئێستا چوار ملیۆن هۆڵەندی هەن و نایانەوێت ببنە دیجیتاڵی، لەکاتێکدا من کەسێکی دیجیتاڵیم و کۆمپانیای ئایتیشم هەبووە، بەڵام ئەم وایت بۆردە هیچ کات هاک ناکرێت. هەموو کەس لێی تێدەگات.
 
رووداو: هاورێ رەحیمی بە منداڵی لە سەردەشتەوە هاتووە، چیرۆکەکەت زۆر بۆ هۆڵەندییەکان گێڕاوەتەوە و منیش بۆ  بینەرانی رووداو دەیگێڕمەوە، کاتێک لە سەردەشتێ بۆنی سیر و دووکەڵی بۆ دێت دواتر دەزانی کە ئەمە کیمیایی بارانە و سەردەشت کیمیایی بارانکراوە،  هەر ئەو هاوڕێ رەحیمییە دێتە هۆڵەندا ئەو هۆڵەندایەی کە ئەو چەکە کیمیاییەی بە سەدام فرۆشتووە و هەر ئەو هاورێ رەحیمییە هاوکاری باوکی کردووە و هاوکاری چەندین کوردی ئێرەی کردووە و دواتر ئەو کۆمپانیا گەورەیەی هۆڵەندی کە چەکی بە سەدام فرۆشتووە و دەیدەنە دادگە و  دادگەش کۆمپانیاکە سزادەدات، هەر ئەو هاوڕێ رەحیمییەمان بینی جارێک هاتین لە شاری ڤەیس خۆی بەربژێر کردبوو بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا و لەنێو خەڵک خۆشەویست بوو، دڵمان بەوە خۆش بوو کە ئەو هەموو خەڵکە ئەو کوردەی خۆش دەوێت و دەنگیان پێدەدا و گەیشتە پەرلەمان، هەر ئەو هاوڕێ رەحیمییەی کە ئێستا هاتووینەی لای کە ئەوێ رۆژێ کە لە سەردەشتێ کیمیایی باران کرا کە کەرەستەکەی لە لایەن کۆمپانیایەکی هۆڵەندی دابینکرابوو، ئێستا لەنێو پەرلەمانی هۆڵەندا قسەت لەگەڵ دەکەین و ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندای و جارێکیش لەنێو هۆڵی پەرلەمانی هۆڵەندا ئەو چیرۆکەت گێڕایەوە و گوتت من ئەو کەسم لە وێوە هاتووم و خەڵکی کوردستانم؛ چ هەستێکت هەبوو کە یەکەمجار لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بەرامبەر هەمووان قسەت کرد و چیرۆکی کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجە و سەردەشتت بۆ گیرانەوە؟
 
هاورێ رەحیمی: بۆ من جێگەی شانازی بوو، لێرە لەگەل باوکم زۆر خەریک بووین کە ئەو کۆمپانیا هۆڵەندییەی کە ماددە کیمییایەکەی فرۆشتووەتە سەدام خەڵک بەوە بزانێت، چونکە ئەوکات سەردەشت کیمیایی باران کرا هیچ کەسێک قسەی نەکرد و هەمووان بێ دەنگ بوون، دوای هەشت مانگ دواتر هەڵەبجەش کیمیایی باران کرا ، ئەگەر لەکاتی کیمیایی بارانکردنی سەردەشت قسەکرابا و دونیا رێگری لێکردبا و بە وەڵام هاتبان، رەنگە ئەوەی هەڵەبجە رووینەدابا، بۆیە کە هاتمە نێو پەرلەمان بەخۆم گوت لەبیرت نەچێت کە لە کوێیوە هاتووی بە خۆم گوت، من کوردم خەڵکی سەردەشتم و ئێستا پەرلەمانتاری هۆڵەندام، ئینجا لێرە ئازادی هەیە کە ئەمە زۆر گرنگە و هیچ شتێک لە ئازادی گرنگتر نییە.
 
رووداو: کاتێک هاتینە پەرلەمان لە پرسگەی پەرلەمان گوتمان سەردانی پەرلەمانتارێکی کورد دەکەین، یەکسەر گوتیان ئۆو، رەحیمی، هەرچەند تۆ لێرە کەم لە میدیاکان دەردەکەویت، بەڵام زۆر باسی کورد دەکەی، باشە ئەمجارە چ شتێک دەکەی بۆ ئەوەی کوردی دیاسپۆرانشینی هۆڵەندا دەنگت پێبدەن، چونکە هەفتەی داهاتوو لێرە هەڵبژاردن دەکرێت، یەکەم شت کە باسی دەکەی ئازادییە و ئازادیت زۆر پێ گرنگە، وەک کوردێک ئەمەت پێ گرنگە، یان حیزبەکەتە، یان بۆ هۆڵەندا؟
 
هاورێ رەحیمی: هەرسێکی، وەک هاوڕێ وەک ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی فێ فێ دەی و وەک کوردێک و وەک هەموو شتێک، چونکە بەبێ ئازادی هیچ ناکرێت، سەیرکە من ئێستا پەرلەمانتاری هۆڵەندام و ئازادیم هەبووە لێرە بخوێنم، ئەگەر شەڕ نەکەی بۆ ئازادی ئەوا تەنیا چەند کەسانێک دەتوانن شتێک بکەن، بەڵام لێرە لە هۆڵەندا وانییە.
 
رووداو: پێش ئەوەی بێیتە پەرلەمان بزنسمان بوویت، رەنگە لە رووی داراییەوە پیش هاتنت بۆ ئێرە ژیانت باشتر بووبێت، بەڵام بۆ هەندێک کەیس هاتوویتەتە ئێرە، کە پێت گرنگ بووە، لێرە ژمارەی مۆبایلی خۆت داناوە و بەمەش هەموو کەس دەتوانێت دەستی پێتبگات، لێرە دەتەوێت زیاتر کار بۆ کۆمپانیا بچووکەکان بکەی، وەک سەرتاشخانە و رێستۆرانت و سوپەر مارکێت و  ئەوانەی کورد لە هۆڵەندا بە رێژەیی هەیانە، بۆچی گرنگە لەم بابەتە کوردی هۆڵەندا دەنگت پێبدەن؟
 
هاورێ رەحیمی: کۆمپانیای کوردی بێت، ئەرمەنی بێت و هەرکێ بێت جیاوازی نییە، ئێستا دوو ملیۆن کۆمپانیا لە هۆڵەندا هەن و کاردەکەن، من بۆ دوو ئامانج چوومەتە پەرلەمانی هۆڵەندا، یەکەم دیجیتاڵ، دووەم کۆمپانیاکان، من پێشتر کۆمپانیام هەبوو و زیاتر لە 15 کەس کاریان بۆ دەکردم، بژێوی خۆیان و خێزانیان پێدابین دەکرد و باجیشیان دەدا، بۆیە گرنگە چونکە کۆمپانیاکان هەلی کاریان هەیە، ئەمەم بەلاوە گرنگە، چونکە کە کارت هەبێت ئازادیت هەیە، ئەوکات ئازادی لەکوێ دەژی و لە چ شوێنێک نیشتەجێ دەبیت و چی دەکڕی و چی دەکەی، بۆیە بۆمن کار زۆر گرنگە، کێ هەلی کار رادەگیێنێت و دەڕەخسێنێت، بێ گومان کۆمپانیاکان، جا گەورەبن یا بچووک، لەبەرامبەریشدا ئەوان باج دەدەن، مووچەی نەخۆشخانەیەک یان پۆلیسێک بەوە دابین دەکرێت، بۆیە کۆمپانیاکان بۆمن هەموو شتێکە، دواتر سەیرم کرد کە زۆر کورد کۆمانیایان هەیە، لە رۆتەردام و لیشخیدام و ئەمستردام و لە زۆر شوێن، لە ساڵی یەکەم چوومە 114 شوێن و لە هەمووشیان کۆمپانیا هەبوون، دوێنێ لە دونیاوۆرد لە رۆتردام بووم، بینیم لەوێ کەسێک بە ناوی کاک جەلال لەگەڵ براکەی لە ساڵی 1993ـەوە کۆمپانیای لەوێ دامەزراندووە، جا جیاوازی نییە کێشەی ئەو هەمان کێشەی هەموو کۆمپانیاکانی دیکەی هۆڵەندایە، زۆر کەس پەیوەندیم پێوە دەکەن، من زیاتر لە 10 هەزار کارتم چاپکردووە و ژمارەی مۆبایلەکەم لێنووسیوە و هەموو جار گوێ لە کێشەکانیان دەگرم و هەوڵی چارەسەرم بۆ داون.
 
رووداو: ئێستا پەرلەمانتاری هۆڵەندای، هاووڵاتی هۆڵەندای، لە منداڵییەوە لێرەبووی و هۆڵەندا زۆر کاریگەری لەسەر دروستکردوویت، بەڵام کە هاتینە ژوورێ پێت گوتم دەبێت لە بیرم نەچێ کە لە کوێوە هاتووم، زۆر باسی کوردستان دەکەی و باسی کورد دەکەی لێرە بۆچی پێت گرنگە کە ئەوە هەر بمێنێت و چ پێویستییەکت بە کوردستان ماوە؟ 
 
هاورێ رەحیمی: ناوی من هاورێیە واتە رەفیق، هەر لە ناومدا ئەوە لەبیر ناکرێت کە لە کوێیوە هاتووم، بۆ من زۆر گرنگە ئەو کوردەی لێرەیە ئێستا کە هەڵاتووە، هەرچەند کوردیش نەبێت و لە شوێنێکی دیکەشەوە هەڵهاتبێت و لێرە بێت نابێت لەبیری بچێت کە دەتوانیت لێرە هەموو شتێک بکات و چونکە ئازادی هەیە، زۆر پێمخۆشە دوای ساڵانێکی دیکە ئەگەر منیش لێرە نەبم یەکێکی دیکە لێرەبێت واتە کوردێکی دیکە، من هەمووجار گوتوومە ئەگەر 1٪ لە شتێک چانسی کردنت هەبوو بێت دەبێت بیکەی، من 11 ساڵان بووم کە هاتمە ئێرە و خوێندنم تەواوکرد و لە زانکۆ خوێندم و دواتر کۆمپانیایەکم دامەزراند و ئێستاش بوومەتە ئەندامی پەرلەمان و هیوادارم زۆر کەسی دیکەش بەوشێوەیە سەرکەوێت و بگات بەو ئاستە، گرنگە خەڵک هەوڵبدات و کاربکات و کۆمپانیا دابنێت و بچێتە نێو سیاسەت و پەرلەمان و ئەگەر چی لێرەش دەژیت و گەیشتی بەمەی ئێستا بەڵام نابێت لەبیرت بچێت کە لە کوێوە هاتوویت، دوای ئەوەی کۆمپانیام دانا پارەیەکی زۆرم قازانج کرد و لە ساڵی 2014 رێکخراوی هاوڕێم دامەزراند و چەند جارێک گەڕامەوە کوردستان بۆ پێشکێشکردنی هاوکاری بەسەر ئاوارەکان، بەتایبەتی ئێزدییەکان، خۆشم ئاوارەبووم و دەزانم ژیانی ئاوارەیی چەندە قورسە، ئینجا پارە و جل و بەرگێکی زۆرم کۆکردەوە و ناردم و ئێستاش زیاتر لە 50 ترێلە دەچنە کوردستان بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان، بۆیە گرنگە بزانی و لەبیرت نەچێت لەکوێوە هاتووی و رۆژێک کە ئاوها دەقەومێت بەبیرت بێتەوەو هاوکارییان بکەیت.
 
رووداو: چوارشەممەی داهاتوو خەڵک دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان، دەتەوێت لێرەوە چ بە کوردی هۆڵەندا بڵێیت؟
 
هاورێ رەحیمی: ئەو کارەی ئێستا دەیکەم بۆ من زۆر گرنگە و لە دڵیشەوە دەیکەم، من ئێستا بەربژێری ژمارە 44م لە فێ فێ دەی و ئەگەر 20 هەزار کەس دەنگم پێبدات دەتوانم جارێکی دیکە بێمەوە ئێرە و کاربکەم و ئەگەریش دەرنەچووم زۆر ئاساییە و لەهەر کوێ بم خزمەت دەکەم، بەڕاستی دەمەوێت هاوکاریی کۆمپانیاکان بکەم و لێرە و هەروەها خۆشحاڵییە کە وەک کوردێک لەنێو پەرلەمانی هۆڵەندا بمێنمەوە و سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە دەنگم پێدەدەن.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە