ئاسایشی هەولێر: ئەو کەسەی گۆڕی کریستیانەکانی لە شەقڵاوە شێواند، دەستگیرکرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند و دەڵێ، چەند رۆژێک لەمەوبەر کێلی گۆڕەکانی گۆڕستانی کریستیانەکانی لە قەزای شەقڵاوە شێواندبوو. تۆمەتبارەکە پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر مەرقەدێکی لەنێو بازاڕی هەولێر سووتاندووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی رووداوەکەی خستەڕوو و گوتی: "دوای ئەوەی لە رۆژی 13ـی کانوونی یەکەمی 2025 چەند کێلێکی گۆڕەکانی گۆڕستانیی کریستیانەکان لە شەقڵاوە شێوێندران، دامەزراوەکەمان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد."
 
ئاسایشی هەولێر دەڵێت: "توانیمان ناسنامەی ئەنجامدەری ئەو کردەوەیە بەناوی (حوسێن ساڵح موستەفا) ئاشکرابکەین و بە فەرمانی دادوەر و لەلایەن تیمەکانمانەوە دەستگیرکراوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، تۆمەتبارەکە لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا "دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان ئەو کردەوەیەی کردووە".
 
سەبارەت بە پێشینەی تۆمەتبارەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەڵێ: "تۆمەتباری دەستگیرکراو لە ساڵی 2022 بە تۆمەتی سووتاندنی مەرقەدێک لەناو بازاڕی هەولێر دەستگیرکراوە و سزای یاسایی خۆی وەرگرتووە و پاشان ئازادکراوە."
 
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، تۆمەتبارەکە چووەتە دووکانێکی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان و خواردنەوەی کحولی کڕیوە و دواتر چووەتە گۆڕستانەکە و بە بلۆک کێڵی گۆڕەکانی شکاندووە.
 
4ی ئەم مانگەش لە قەزای کۆیە ژمارەیەک گۆڕی کریستیانەکان لە گوندی هەرمۆتە شێوێندران و ئەوەش ناڕەزایی لێکەوتەوە.
 
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینیی کوردستان، بە رووداوی گوت: "هەر جۆرە بێ رێزییەک بە مردوو  یان زیندوو وەک یەک تاوانە، چونکە دەچێتە خانەی سووکایەتی بە مرۆڤەوە و پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێگە بە گەنجانی کورد نەدرا ئاڵای کوردستان بخەنەوە دەست پەیکەری پێشمەرگە

لە کەرکووک رێگە نەدرا ئاڵای کوردستان بخرێتەوە دەست پەیکەری پێشمەرگە

هێزێکی سەربازی لە کەرکووک رێگریی لە چەند گەنجێک کرد ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکەن. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "بابەتی پەیکەری پێشمەرگە خۆمان وەکو حکومەت چارەسەری دەکەین."