رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە و بەرهەمهێنان گەیشتووەتەوە پێش دروستبوونی کێشەی پەستانی گاز.
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە کاژێر (8:00) بەیانییەوە "پەستانی گاز بۆ ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بووەوە. کۆمپانیای دانەگاز چاکسازییەکانی لە کێڵگەی کۆرمۆر تەواو کرد و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بووەوە".
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 750 مێگاواتە.
هەر ئەمڕۆ ئەندازیار غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەی پەستانی گاز ئەمڕۆ لە کۆمپانیای دانەگازەوە چارەسەرکرا و دۆخەکە ئاسایی بووەوە".
غالب محەممەد ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە دۆخی ئاساییدا 6 بۆ 7 کاژێر کارەبا دەدەن، بەڵام دوێنێ لە 24 کاژێردا نزیکەی 4 کاژێر کارەبا دراوەتە ئەو دوو پارێزگایە؛ گوتیشی: "دۆخی هەولێر و دهۆک کەمێک لە ئێمە باشترە و نزیکەی یەک کاژێر کارەبا زیاتر دەدەن".
شەوی رابردوو وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی گاز، بۆ ماوەی 10 کاژێر پەستانی غاز كەمبووەتەوە و بەهۆیەوە 750 مێگاوات كارەبا كەمبووەتەوە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "بەهۆی هەندێک گرفتی تەكنیكییەوە کارەکان دواكەوتووە و بەپێی ئەو پلانەی كۆمپانیای دانەغاز دایناوە بڕیارە تاوەکو کاژێر (08:00)ی بەیانیی رۆژی شەممە دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە."
هەر لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە: "تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بڕی 250 مێگاوات كارەبایان لە هەردوو وێستگەی دووکان و دەربەندیخان زیاد كردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ