رووداو - هەولێر
دوای دەستگیرکردن و دواتر ئازادکردنی لە سعودیە و گەڕانەوەی بۆ کوردستان، مەلا عەلی کەڵەک دەڵێت، گەڕانەوەم بۆ کوردستان بە میوانییە و بەیەکجاری دەچمە دەرەوە.
مەلا عەلی کەڵەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا گەڕاومەتەوە و لە کوردستانم، بەڵام گەڕانەوەکەم وەکو میوانە و لە دوو مانگی داهاتوودا بەیەکجاری کوردستان بەجێدەهێڵم.
مەلا عەلی کەڵەک لەبارەی دەستگیرکردنیەوە لە وڵاتی سعودیە گوتی، بەهیچ شێوەیەک دەستگیرنەکراوم، تەنیا پۆلیس بەهۆی ئەوەی زانیاریی لەبارەی منەوە نەبوو و خەڵکیش بە لێشاو سەردانیان دەکردم، چەند پرسیارێکی ئاراستە کردم و دواتر بەڕێزەوە بەڕێیانکردم.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئیمارات بەڵێنی پێمداوە کە کۆمەڵگەیەکی پزیشکیم بۆ دروستبکات، دوو مانگی دیکە بە یەکجاری دەچمە ئەو وڵاتە و خزمەت دەکەم، بەڵام پێم لە کوردستان نابڕێت و بەردەوام ئاگام لە وڵاتی خۆشم دەبێت.
هەفتەی رابردوو هەواڵی دەستگیرکردنی مەلا عەلی کەڵەک لە مەدینە بڵاوکرایەوە و لە بەدواداچوونی رووداو بۆ ئەو پرسە، پۆلیسی مەدینەی منەوەرە هەواڵی دەستگیرکردنەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە عێراقییە، ناوی عەلی مەحموودە و تەمەنی 50 ساڵانە و کوردە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە نەخۆشییەکانی خەڵک چاکدەکاتەوە.
گوتەبێژی راگەیاندنی پۆلیسی مەدینە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرتەی ڤیدیۆیی کەسێک بڵاوبووەوە کە لە مزگەوتی پێغەمبەر سەردانیکەران بە ناوی چارەسەرکردنەوە فریودەدات، بۆیە دەزگا ئەمنییەکان بەدوایدا گەڕان و گرتیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ