پەرلەمانتارانی کورد بۆ پشتیوانیی جووتیارانی کورد دەچنە کەرکووک

18-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بۆ پشتیوانیی جووتیارانی کورد و دژی کردەوەکانی سوپای عێراق بەرامبەریان، سەردانی ناحیەی سەرگەڕان دەکەن.
 
جوان عەبدوڵڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ دەچینە کەرکووک بۆ پشتیوانی لە جووتیارانی کورد." 
 
دوێنێ لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکانیان، جووتیارانی سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ دروستکرا و گرژی دروستبوو.
 
لەکاتی گرژییەکەی دوێنێدا، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سنوورەکە لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکەی لەلایەن سەربازێکەوە لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکەی راکێشرا بۆ ئەوەی دایبەزێنێت، بەڵام نەیتوانی. ئەوەش کاردانەوەی زۆری کورد و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
 
جوان عەبدوڵڵا دەڵێت "دەچینە سەرگەڕان بۆ ئەوەی پشتیوانی خۆمان بۆ جووتیارانی کورد دووپاتبکەینەوە و دژی ئەو ستەمە دەوەستینەوە کە بەرامبەریان کراوە و دەکرێت." 
 
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەوان، پەرلەمانتارانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش ئەمڕۆ بۆ هەمان مەبەست سەردانی جووتیارانی کورد دەکەن.
 
هەر ئەمڕۆ محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەسەر داوای خەڵک، ئەمڕۆ گرددەبینەوە و پێشوازی لە میوانان دەکەین، کە بڕیارە میوانی سەردانمان بکەن لە گوندی شەناغە."
 
نوێنەرەکەی جووتیاران گوتیشی، هەر ئەمڕۆ شاندێک لە بەغداوە سەردانی کەرکووک دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی دوێنێ و. لەگەڵیاندا کۆدەبنەوە.
 
42 گوند لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانن. پێنج گوند کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکن و کێشەیان لەسەرە بریتین لە گوندەکانی: شەناغە، پەلکانە، سەر بە شاخ، گابەرەکە و خەرابە.
 
تائێستا بەرپرسانی سوپای عێراق رێگەیان نەداوە جووتیارانی ئەو پێنج گوندە زەوییەکانیان بکێڵن.

 

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە