یەکێتى "دوو رێککەوتن"ی بۆ دەنگدان بە پارێزگاری سەلاحەدین کردووە

18-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتى "دوو رێککەوتن"ی لەگەڵ لیستى براوەى پارێزگاى سەڵاحەدین کردووە بۆ ئەوەى دەنگ بە بەربژێرەکەى بۆ پۆستى پارێزگار بدات.
 
17ـی ئادارى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین بە زۆرینەى دەنگ بەدر مەحموود فەحلی وەک پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژارد.
 
بەدر مەحموود فەحل لە لیستى جەماوەرى نیشتمانى بەربژێر بوو کە لە هەڵبژاردنى 18ـی کانوونى یەکەمى 2023ـی ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا براوەی یەکەم بوو.
 
یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگای سەڵاحەدین لە پشکى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەر لە بەڕێوەچووەنى دەنگدانى ئەنجوومەنى پارێزگا، لەگەڵ بەدر مەحموود فەحل کۆبوونەتەوە و رێککەوتنێکیان واژۆ کردووە.
 
یاسین داودى گوتیشى، "رێککەوتنەکە بۆ گەرەنتیکردنی پشکى کورد بووە لە پۆست و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى خورماتوو تاوەکو لە بەرامبەردا دەنگى پێ بدرێت."
 
لیستى جەماوەریى نیشتمانى لەلایەن ئەحمەد جبوورى سەرۆکایەتى دەکرێت کە بە "ئەبومازن" ناسراوە. بەربژێرەکەی یەکێتى لەو لیستەدا بەشدارى هەڵبژاردنى کرد کە لە 15 کورسى، چوار کورسییان بەدەستهێنا.
 
بە گوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، بۆ دەنگدان بە بەدر مەحموود فەحل وەک پارێزگار، یەکێتى رێککەوتنێکى هەشت خاڵى لەگەڵ واژۆ کردووە.
 
لەو رێککەوتنەدا یەکێتى وەک هاوبەشیی"راستەقینە" لە بەڕێوەبردنى پارێزگای سەڵاحەدین دانراوە و بەڕێوەبەرێکى گشتى یان پۆستێکى هاوشێوەش لەو پارێزگایە دەدرێتە ئەو حیزبە کوردستانییە.
 
لە بەشێکى دیکەى ئەو رێککەوتنەدا هاتووە کە پاڵپشتى یەکێتى و پارتە هاوپەیمانەکانى بکرێت لە پێدانى پلە وەزیفییەکان و گرێبەستەکانى دامەزراندن، بە تایبەت لە هەردوو کەرتى پەروەردە و تەندروستى.
 
ئەوە دووەم جار بوو ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین پارێزگار ھەڵبژێرێت، دواى ئەوەى 4ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەحمەد جبووری وەک تاکە بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژارد، بەڵام سەرۆککۆمار ئامادە نەبوو مەرسوومى کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی بۆ دەربکات بەپاساوى ئەوەى کۆتوبەندی تاوانی لەسەرە.
 
بەر لەوەى ئەحمەد جبوورى هەڵبژێردرێت، رێککەوتنێکى لەگەڵ مەڵبەندی یەکێتى لە خورماتوو واژۆ کرد کە لە 11 خاڵ پێکدێت. 
مەلا حەسەن گەرمیانى، جێگرى بەرپرسی مەڵبەندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە خورماتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رێککەوتنەکەى پێشوو سێ تەوەرى سەرەکى تێدایە. یەکێکیان پەیوەندارە بە گەڕاندنەوەى هاوسەنگى بۆ پۆستەکانى قەزاى خورماتوو کە لەدواى رووداوەکانى 16ـی ئۆکتۆبەرى 2017 کێشەیان تێکەوتووە. بیرۆکەکە ئەوەیە پۆستەکان بۆ کورد بگەڕێندرێنەوە یان بەگوێرەى هاوسەنگى هەر سێ پێکهاتەى کورد و تورکمان وعەرەب دابەش بکرێنەوە".
 
مەلا حەسەن گەرمیانى گوتیشی، "بە گوێرەى رێککەوتنەکە، دەبێت بەڕێوەبەرێکى گشتى و چەند بەڕێوەبەرێکى ئاسایی و لێپرسراوى بەش لە سنوورى خورماتوو بۆ کورد بێت، ئەوە جگە لە دابینکردنى خزمەتگوزارى بۆ ئەو قەزایە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."