شارەوانیی کەرکووک: 25 هەزار داواکاریمان بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشکێش کراوە

18-03-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، هەر زێدەڕۆییەک بکرێتە سەر موڵکی گشتی، تێکی دەدەن. لەبارەی تاپۆکردنی زەوییەکانیش دەڵێت، لە قۆناخی یەکەم لەو زەوی و گەڕەکانە دەستپێدەکەن کە موڵکی شارەوانین. باسی لەوەش کرد، "25 هەزار داواکاری بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشکێش کراون".
 
ئەندازیار موەفەق ساڵح، بەرپرسی کەرتی دووی شارەوانیی کەرکووک میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کەرکووک و سنووری کەرتی شارەوانییەکەیان کرد و گوتی، سنووری کەرتی دووی شارەوانیی کەرکووک بەشی باکوور و باکووری رۆژئاوا بە ئاراستەی هەولێر دەگرێتەوە: گەڕەکەکانی رەحیماوە، شۆراو، گورگەچاڵ، سێکانیان، عەرەفە، سەرچنار، شاترلوو و ئەڵماس دەگرێتەوە.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی شارەوانی، پار توانیویانە پڕۆژەی دروستکردنی شۆستە و کۆنکرێتی بەشێک لە کۆڵانەکان جێبەجێبکەن، بەڵام "پڕۆژەی ئاوەڕۆی ناوەندی کەرکووک کە تائێستا دەستی پێنەکردووە، لە زۆر بواردا دەستی ئێمەی گرتووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانمان."
 
موەفەق ساڵح ئاماژەی بە دوو "پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگ" کرد کە بەهاکەیان زیاتر لە 21 ملیار دینارە: "دروستکردنی تۆنێل و ئەندەرپاس لە فلکەی ئیخوان، لە جێبەجێکردندایە، گوژمەکەی نزیکەی 17 ملیار دینارە. هەروەها بەرزەپردێک لەسەر رێگەی کەرکووک- هەولێر لە نزیک گورگەچاڵ و سێکانیان دروست دەکرێت، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە و تێچووەکەی زیاتر لە 4 ملیار دینارە."
 
لەبارەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە شارەکە، موەفەق ساڵح گوتی: "ئێستا بە هەوڵی ئیدارەی نوێی کەرکووک، بودجەی پاککردنەوەی شارەکە زیادکراوە و کرێکار و ئامێرەکانیش زیادکراون."
 
پێشتر چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە رادیۆی رووداو کردبوو، بەوەی لە گەڕەکی دەوازە، سیاج و بنەڕەت و هەیکەلی خانوویان لەلایەن شارەوانییەوە بە پاساوی زێدەڕۆیی تێکدراون.
 
ئەو بەرپرسەی شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، "پێشتر خەڵکانێک هەبوون زەوییان فرۆشتووە بە خەڵک و بە زێدەڕۆ خانوویان دروست کردووە، ئەوەی بە زێدەڕۆ دروستکرابێت، تێکدەدرێت و ئەوەی لە گەڕەکی دەروازەش کراوە، زەوییەکە بەشێکە لە زەویی خزمەتگوزاریی شارەوانی و بۆ فراوانکردنی گۆڕستانی گەڕەکی دەروازە تەرخانکراوە، خەڵکیش لەو زەوییە بە زێدەڕۆ خانووی دروستکردبوو. ئێستا شارەوانی پەرژین بۆ گۆڕستانەکە دروست دەکات."
 
لەبارەی تاپۆکردنی گەڕەکە زێدەڕۆکان لە سنووری کەرکووک، ئەندازیار موەفەق ساڵح ئاماژەی بەوەکرد، لە سنووری کەرتی دووی شارەوانیی کەرکووک زیاتر لە 25 هەزار داواکاری پێشکێش کراون، لە هەنگاوی یەکەم لەو زەوییانەوە دەستپێدەکەین کە موڵکی وەزارەتی شارەوانییە و دواتر لەگەڵ نەخشەدانانی ئاوەدانی کاری لەسەر دەکەن.
 
ئەو بەرپرسەی شارەوانیی کەرکووک گوتیشی، لە قۆناخەکانی دواتر کار لە زەویی وەزارەتەکانی دیکە دەکەن، چونکە ئەوکات پێویستی بە چەند هەنگاوێکی کارگێڕی و یاسایی هەیە لە بابەتی کوژاندنەوە و گۆڕینی رەگەزی زەوییەکان.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرپرسان دەڵێن، "بوومەلەرزەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

بوومەلەرزە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستانی هەژاند

سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە لە پارێزگای خارپێت بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.9 پلەی رێختەر و پارێزگای دیلۆک بە گوڕی 4.6 پلەی رێختەر روویاندا.