رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی ئایندە لە تورکیا بە سەردانێک گەیشتە کەرکووک؛ پەیامنێری رووداو دەڵێت، بڕیارە لە کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی- سلێمانی بەشداری بکات و سەردانی چەند شاری عێراقیش دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-05-2025، ئەحمەد دادوئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە تورکیا بە سەردانێک گەیشتە فڕۆکەخانەی کەرکووک و لەلایەن رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک پێشوازی لێکرا.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک گوتی، ''داودئوغڵو بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی بەشداری بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی گەشتی فڕۆکەخانەکانی تورکیا بەڕووی سلێمانیدا داخراون، سەرەتا هاتووەتە کەرکووک.''
سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیا لەگەڵ رێبوار تەها کۆبوونەوەیەکی چەند خولەکی دەبێت و بەگوتەی پەیامنێری رووداو، دواتر پێکەوە سەردانی سلێمانی دەکەن بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندە ئابوورییەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، داودئۆغڵو لە گەشتەکەیدا جیا لە کەرکووک و سلێمانی، سەردانی چەند شارێکی عێراق بەتایبەتی موسڵ دەکات.
بڕیارە لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک، سەرۆکی پارتی ئایندە قسە بۆ میدیاکان بکات و ئامانجی سەردانەکەی خۆی زیاتر روون بکاتەوە.
کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی دەستپێدەکات و بڕیارە لە دوو رۆژدا بە بەشداریی ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسانی حیزبی و حکومیی عێراق، هەرێمی کوردستان و چەندین وڵاتی دیکە بەڕێوەبچێت کە تێیدا بوارەکانی ئابووری، ئاسایش، گۆڕانی کەشوهەوا و چەندین مژاری دیکە تاوتوێ دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ