ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: سەگەکانی شەڵتەر لە برسان یەکدی دەخۆن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هۆشداریی لە دۆخی "کارەساتباری" شەڵتەری سەگی بێلانەی شارەکە دا و رایگەیاند، سەگەکان لەو شوێنەدا نەک هەر لە برسان و تینوێتیدا دەناڵێنن، بەڵکو دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە "یەکدی دەخۆن."
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی دووشەممە، 18ی ئایاری2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخی ئەو سەگانەی لە شەڵتەرەکەی کەرکووک کۆکراونەتەوە زۆر خراپە و بەهۆی گەرما و بێ خزمەتگوزارییەوە ئازار دەچێژن."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاماژەی بەوەش کرد، خواردنی سەگەکان زۆر خراپە و چەند جارێک بینراوە کە لە برساندا هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی و یەکدیان خواردووە، ئەمەش "جێگەی قبووڵ نییە و دەبێت بەزووترین کات چارەسەر بکرێت."
 
پڕۆژەی شەڵتەری سەگە بەرەڵڵاکانی کەرکووک لەسەر رووبەری 5 دۆنم زەوی لە ناوچەی پەنجەعەلی لە دەرەوەی شار دروستکراوە.
 
لەسەر داوای عەبدوڵڵا میروەیس، محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، فەرمانی کردووە سبەی سێشەممە لیژنەیەکی هاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان سەردانێکی مەیدانیی شوێنەکە بکات.
 
میروەیس گوتی: "سبەی سەردانی مەیدانی شوێنەکە دەکەن، یان دەبێت هەموو پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان بۆ شەڵتەرەکە دابین بکرێن، یان دەبێت سەگەکان بەڕەڵڵا بکرێن، چونکە هێشتنەوەیان بەو شێوەیە "دوورە لە هەموو بەهایەکی مرۆیی."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە