رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران راگەیاند، بەهۆی کەمیی مێگاواتەوە زیاتر لە پێنج کاژێرە کارەبای چوار ناوچەی سنووری ئیدارەکە کوژاوەتەوە و هەوڵدەدرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا چارەسەر بکرێت.
رۆژی دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە کارەبای ناوچەکانی چۆمان، خەلیفان، سیدەکان و رواندز کوژاوەتەوە و تاوەکو ئێستا نەهاتووەتەوە.
بە گوتەی ئەردەوان ئیبراهیم، لەبارەی کێشەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەولێر لەسەر هێڵن و پێیان راگەیێندراوە کە هۆکارەکەی بۆ "نەبوونی مێگاوات" دەگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران دەڵێت، لە سەنتەری شاری سۆران کارەبا هەیە و کێشەی نییە. باسی لەوەشکرد:"لە هەوڵداین لە چەند کاژێرێکی دیکەدا کێشەی ئەو چوار ناوچەیەش چارەسەر بکەن و کارەبایان بۆ بگەڕێننەوە".
ئەردەوان ئیبراهیم گوتی: "هەموو ئیدارەکە پێویستی بە نزیکی 110 مێگاواتە، لە کاتێکدا پێش پڕۆژەی رووناکی پێویستمان بە زیاتر لە 350 مێگاوات بوو، ئەو چوار ناوچەیەش کە ئێستا بێ کارەبان پێویستییان بە نزیکەی 50 مێگاوات کارەبا هەیە".
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 94 هەزار و 476 هاوبەشی کارەبا هەن و 100%ـی ناوچەکانی ئیدارەکە بوونەتە بەشێک لە پڕۆژەی رووناکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ