رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن بێلایەنانە رووماڵی جەنگی ئێران و ئیسرائیل بکەن و نەبنە هۆکاری پەلکێشانی هەرێمی کوردستان بۆ نێو جەنگەکە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویستە دەزگە و کەناڵە میدیاییەکان لەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا، رەچاوی لایەنی دەروونی و دۆخی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بکەن، هەواڵی بێ سەرچاوە و نادروست لەبارەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی بڵاونەکەنەوە."
نامیق هەورامی گوتی، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن بێلایەنانە رووماڵی ئەم جەنگە بکەن و لایەنگری هیچ کامیان نەکەن. باسی لەوەشکرد: "نابێت راگەیاندن ببێتە هۆکاری پەلکێشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ نێو جەنگی ئێران و ئیسرائیل."
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوایین ئاگادارکردنەوە بە هەموو دەزگاکان و راگەیاندنکاران دەدەین، "دوور بکەونەوە لەو جۆرە هەواڵانە، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە."
وەک گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی گوتی: "تائێستا هیچ سەرپێچییەک لەوبارەیەوە تۆمار نەکراوە، بەڵام لیژنەیەکیان پێکهێناوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، لە ئەمڕۆوە زۆر بەچڕی چاودێریی هەموو دەزگاکانی راگەیاندن و پەیجەکان دەکەن."
شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانیی رۆژی 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووەو تائێستا بەردەوامە و بەهۆی شەڕەکەوە زیانێکی زۆری بۆ بنکە سەربازییەکان، ژێرخانی ئابووری و سەرچاوەی وزەی هەردوولا هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ