یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار لە مێژوو بووە پاڵەوانی جامی عێراق

18-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی ئاگرین، یانەی دهۆک بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە یانەی زاخۆی بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویی خۆی و یانەکانی هەرێمی کوردستان، بووە پاڵەوانی جامی عێراق.
 
شەوی هەینی، 18-07-2025 یاریی کۆتایی جامی عێراق لە نێوان هەردوو یانەی کوردستانی، دهۆک و زاخۆ لە یاریگەی نێودەوڵەتیی شەعب لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
دێربیی بادینان گەرم و دراماتیکی بوو، هەردوو گێمی ئاسایی یارییەکە 0-0 تەواوبوو، لە گێمە زیادکراوەکانیش هاندەران هیچ گۆڵێکیان نەبینی، ئەمە سەرەڕای چەندین هێرش و شووتی مەترسیدار بۆ سەر گۆڵی یەکدی. پێش تەواوبوونی یارییەکە، پاتریک مارسێلینۆ، یاریزانی یانەی زاخۆ دووەم کارتی زەردی وەرگرت و بە کارتی سوور کرایە دەرەوەی یاریگە.
 
 
کاتی یارییەکە گەیشتە لێدانی یەکلاکەرەوە و سەدان هەزار هاندەری هەردوولا دەستییان لەسەر دڵیان بوو. هەریەک لە سیابەند عەگید لە دهۆک و ئەمجەد عەتوان لە زاخۆ یەکەم گۆڵی لێدانی یەکلاکەرەوەیان تۆمارکرد. یانیک زاکریی کۆتدیڤواری گۆڵی دووەمی بۆ دهۆک و محمەممەد حەشیش بۆ زاخۆی تۆمارکرد. 
 
ئیبراهیم غازی بۆ سێیەم جار تۆڕی زاخۆی هەژاند، بەڵام ئەوەی رێڕەوی یارییەکەی گۆڕی، محممەد عەلی نەیتوانی گۆڵ بۆ زاخۆ بکات و ئەنجامەکە هەر 3-2 مایەوە. زولفەقار عەماری چوارەم گۆڵی دهۆکی کرد و زاخۆ کەوتە دۆخێکی زۆر سەختەوە، گۆڵی لێکرابا یارییەکەی دەدۆڕاند. 
 
سیداد حاجی توانی گۆڵی سێیەمی زاخۆ بکات. کەریم دەروێش بۆ جێبەجێکردنی لێدانی چوارەم چووە سەر تۆپ، بەڵام کازم عەلی، گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ توانی توانی تۆپەکە بگەڕێنێتەوە، کەچی ناوبژیوان بە گەڕانەوە بۆ ڤار بڕیاریدا گۆڵەکە رەتبکاتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی گۆڵپارێزەکە لەسەر هێڵی گۆڵ هاتبووە پێش و گرژیی لەنێوان یاریزانەکانی هەردوو یانە. 
 
 
لێدانی پێنجەم دووبارە کرایەوە و دەروێش توانی گۆڵ بکات و دهۆک بکاتە پاڵەوانی جامەکە.
 
جامی عێراق لە وەرزی 1948-1949ـوە بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ یانەیەکی کوردستان نەبووبوە پاڵەوانی، دهۆک ئەو مێژووەی نووسییەوە. یانەی هەولێر وەکو تاکە یانەی کوردستان لە وەرزی 2022-2023 گەیشتە یاریی کۆتایی و بە ئەنجامی 1-0 بە قووە جەوییە دۆڕا.
 
بەهۆی بردنەوەی، دهۆک لە وەرزی نوێ بەشداری لە یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا - 2 دەکات. لەلایەکی دیکەوە دهۆک و زاخۆ بەشداریی لە پاڵەوانێتیی جامی سوپەری عێراق دەکەن لە وەرزی داهاتوو.
 
یانەی زەوڕا زۆرترین جار ئەو ناسناوەی بەدەستهێناوە کە 16 جارە. وەرزی رابردوو یانەی شوڕتە توانی بە گۆڵێکی خاوێن لە قوە جەوییە بباتەوە و جامە زێڕینەکە بەرزبکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە