مەسرور بارزانی: پیرۆزە لە یانەکانی دهۆک و زاخۆ و گرنگ ئەوەیە کوردستان سەرکەوت

18-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە هەردوو یانەکانی دهۆک و زاخۆ دەکات بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەلایەن دهۆک و پلەی دووەم لەلایەن زاخۆوە لە جامی عێراق.

یانەی دهۆک توانیی بە لێدانی یەکلاکەرەوە بە ئەنجامی 5 - 3 لە یانەی زاخۆ بباتەوە و ببێتە پاڵەوانی جامی عێراق، یانەی زاخۆش پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پیرۆزبایی لە هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ دەکەم بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و پلەی دووەمی جامی عێراق، هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ هەردوو یانە دەخوازم."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، نووسیویشیەتی، "گرنگ ئەوەیە کوردستان سەرکەوت."

 
تاوەکو ئێستا زاخۆ و دهۆک 23 جار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، لە 16 یاریی یەکسانبوون، زاخۆ دوو بردنەوە و دهۆکیش بە بردنەوەکەی ئەمشەوەوە 8 بردنەوەی هەیە.

جامی عێراق لە وەرزی 1948-1949ـوە بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ یانەیەکی کوردستان نەببووە پاڵەوانی. یانەی هەولێر وەکو تاکە یانەی کوردستان لە وەرزی 2022-2023 گەیشتە یاریی کۆتایی و بە ئەنجامی 1-0 بە قووە جەوییە دۆڕا.

هەر یانەیەک ببێتە پاڵەوان، لە وەرزی نوێ بەشداری لە یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا - 2 دەکات. لەلایەکی دیکەوە هەردوو ئەو یانەیەی گەیشتوونەتە کۆتایی یاریی جامی عێراق، بەشداریی لە پاڵەوانێتیی جامی سوپەری عێراق دەکەن لە وەرزی داهاتوو.

یانەی زەوڕا زۆرترین جار ئەو ناسناوەی بەدەستهێناوە کە 16 جارە. وەرزی رابردوو یانەی شوڕتە توانی بە گۆڵێکی خاوێن لە قوە جەوییە بباتەوە و جامە زێڕینەکە بەرزبکاتەوە.

تاوەکو ئێستا یانەیەک توانیبێتی زۆرترین گۆڵ لە یارییەکی ئەو پاڵەوانێتییە بکات، یانەی جەیش بووە کە لە ساڵی 1987 توانی 14 گۆڵ لە بابل بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە