رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق رێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ کۆمپانیای سیابی سوێدی و کۆمپانیای لیماکی تورکی بۆ بونیادنانی پاڵاوگەیەک بەتوانای پاڵاوتنی رۆژانە 70 هەزار بەرمیل نەوت لە پارێزگای نەینەوا کردووە.
بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێن، مەبەست لە دامەزراندنی ئەو پاڵاوگەیە، پاڵاوتنی نەوتی قورسی کێڵگە نەوتییەکانی گەیارەیە.
هێشتا بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ وردەکارییەکیان سەبارەت بە تێچووی ئەو پاڵاوگەیە و کاتی دەستپێکردنی پرۆژەکە ئاشکرا نەکردووە.
ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووتری نەینەوا(2009- 2014) دەڵێت، لەوکاتەی بووە پارێزگاری نەینەوا، هەوڵی دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوتی دا، چونکە نەینەوا دوو کێشەی هەبووە: پشکی سووتەمەنی و درێژی ماوەی گواستنەوەکەی؛ ئەو دوو کێشەیەش تەنیا بە دامەزراندنی پاڵاوگەیەکی نەوت لە ناوچەیەکی نزیک چارەسەر دەکرێت.
ئەسیل نوجەیفی دەڵێت، چەندینجار هەوڵی دامەزراندنی ئەو پاڵاوگەیە دراوە، لەوانە بە کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام هەندێک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دژایەتیی هەرێمی کوردستانیان لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی نەینەوا بەلاوە گرنگتر بوو، بۆیە بە تووندی دژی هەر پرۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەستانەوە.
بە گوتەی پارێزگاری پێشووتری نەینەوا، وەزارەتی نەوتیش دژی پرۆژەکەیان بوو، کە بڕیاربوو لە ناوچەی حەمدانییە جێبەجێ بکرێت و دواتریش داعشی بەسەر داهات.
نوجەیفی ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی مەنسور مەرعید بووە پارێزگار، جارێکی دیکە بیرۆکەی دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوتی لە نەینەوا زیندووکردەوە، بەڵام ئەویش تێیدا سەرکەوتوو نەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ