لە کۆی هەزار و 67 بەربژێری بازنەی نەینەوا 61 بەربژێریان کوردی ئێزدین

18-10-2025
زانیار بەهادین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە بازنەی نەینەوا 61 کوردی ئێزدی بەربژێرن، نیوەیان تەنیا لە لیستێکدا بەربژێرن کە سەرجەم بەربژێرەکانی ئێزدین. 
 
هاوپەیمانی دۆسیەی ئێزدییەکان، 32 بەربژێری هەیە و تەنیا لە بازنەی نەینەوا بەشداری هەڵبژاردنی کردووە. سەعید شەمۆ، ئەندامی دەستەی دامەزێنەری هاوپەیمانێتییەکە بە رووداوی گوت،" لیستەکەمان نیشتمانییە، دەمانەوێت نوێنەرایەتی خۆمان بکەین تاوەکو ناوچەکانمان ئاوەدان بکرێنەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە". 
 
لە کۆی 9 کورسی کۆتا، تەنیا یەک کورسی بۆ کوردانی ئێزدییە. بە گوتەی سەعید شەمۆ، ئامانجی ئەوان ئەوەیە ژمارەیەکی زۆر کورسی بەدەستبهێنن بۆیە بە سەربەخۆ و لە دەرەوەی سیستمی کۆتا بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە. 
 
پارتی دیموکراتی کوردستان 8 کوردی ئێزدیی بەربژێر کردووە 
 
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بەردەوام ئێزدییەکان بەربژێرییان لەناو لیستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەبووە، تاوەکو خۆیان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان بە 62 بەربژێر بە لیستێکی سەربەخۆ لە نەینەوا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات، بە گوتەی خەسرۆ گۆران 8 بەربژێرییان ئێزدین.
 
پارتی 31 پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی عێراق هەیە، وەک خسرۆ گۆران گوتی، "سێ لە پەرلەمانتارەکان ئێزدین و بەردەوامیش سێ تاوەکو چوار ئەنداممان ئێزدی بوون". 
 
لە بازنەی نەینەوا 37 لیست بە هەزار و 67 بەربژێر لە هەڵبژاردن بەشدارن و کێبڕکێی بەدەستهێنانی 34 کورسی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق دەکەن کە سێ کورسییان بۆ کۆتای پێکهاتەکانە. 
 
بە گوتەی بەرپرسی لقی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کام لە لیستە عەرەبییەکان کوردی ئێزدییان بەربژێر نەکردووە، تەنیا لیستە کوردییەکان بەربژێری ئێزدی هەن. 
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 11 کوردی ئێزدی بەربژێر کردووە
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 31 بەربژێر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکدا لە بازنەی نەینەوا بەشداری هەڵبژاردن دەکات. ئاراس محەممەد ئاغا، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی حەوتی یەکێتی لە نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،" 11 بەربژێریان ئێزدین و لە دوای 2003ـەو بەردەوام بەربژێری ئێزدییان هەبووە". 
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی لەوەش کرد، ئێستا ئەندامێکی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی عێراق ئێزدییە، بەربژێرکردنی ئێزدییەکانیش وەک پشتیوانییەکی یەکێتییە بۆ ئەوان، ئەو پشتیوانییەش هەر لە سەردەمی " سەرۆک مام جەلال"ەوە هەیە و تائێستاش بەردەوامە". 
 
جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە نەینەوا 7 بەربژێری هەیە، بە گوتەی سەرچاوەیەکی باڵا لە جووڵانەوەکە بۆ رووداو، تەنیا یەک بەربژێریان کوردی ئێزدییە.  لیستی ناسنامەی نیشتمانیش یەک بەربژێری ئێزدیی هەیە و بەربژێرێکی سەربەخۆش لە پێکهاتەی ئێزدییە. 
 
ئێزدییەکان لە سیستمی کۆتا
 
لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، 9 کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە؛ 2 نوێنەری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستانن، 7 نوێنەرەکەی دیکەش لە کەرکووک و پارێزگاکانی عێراقن.
 
لە کورسیی کۆتاکان زۆرترینیان بۆ کۆتای کریستیانە، کە 5 کورسییە، ئەوانی دیکەش وەکو کوردانی شەبەک، ئێزدی و فەیلی و سابیئەی مەندائی، هەر یەکێکیان کورسییەکیان لە پەرلەمان هەیە. کورسیی کۆتای ئێزدی لە موسڵ زۆرترین بەربژێر کێبڕکێی لەسەر دەکات، کە 7  بەربژێرن. 
 
بەگوێرەی مادەی 15ی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و یاسای ئەنجوومەنی پارێزگای قەزا و ناحیەکان، پێکهاتەکان یەک بازنەی هەڵبژاردنیان دەبێت. بۆ نموونە دەنگدەرێک لە بەسرە دەتوانێت دەنگ بە بەربژێرێکی کۆتا لە بەغدا بدات، یان دەنگدەرێک لە هەولێر دەتوانێت دەنگ بە کۆتای فەیلی لە پارێزگای واست بدات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە