ژمارەی بریندارانی پاسە گەشتیارییەکەی بێخاڵ 35 کەسە

18-11-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاسێک کە گەشتیاری پارێزگای بابلی تێدابوو لە نزیک سەیرانگەی بێخاڵ خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلدا کێشا و دواتریش خۆی بە مۆتێلێکدا کێشا. گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران دەڵێت، پاسەکە ئیستۆپی نەمابوو. بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی فێرکاری ئاشتیی لە سۆران دەڵێت، ژمارەی بریندارەکان گەیشتوونەتە 35 بریندار و هەشتیان رەوانەی هەولێر کراون.
 
لەبارەی رووداوەکەی رۆژی هەینی 18-11-2022، ئازاد ساڵح، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی ئاشتیی فێرکاریی لە سۆران بە رووداوی گوت: "ژمارەی بریندارەکانی رووداوەکەی ئەمڕۆ گەیشتە 35 بریندار؛ هەشت بریندارمان رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کرد، چونکە برینی سەخت لە سەریاندا هەبوو".
 
27 لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی سۆران چارەسەر وەردەگرن. ئازاد ساڵح گوتی، ئەوانەی لە سنووری ئەوان ماون چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە. گوتیشی کە لە رووداوەکەدا هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە و هەمووشیان خەڵکی بابلن.
 
هەروەها موحسین شەمزینی، گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پاسە گەشتیارییەکە سەرەتا خۆی کێشاوە بە دوو ئۆتۆمبێلدا، دواتر خۆی کردووە بەنێو مۆتێلێکدا. گوتیشی: "لەگەڵ یاریدەدەری شۆفێرەکە قسەم کرد و بە گوتەی خۆی هۆکاری رووداوەکە نەمانی ئیستۆپی ئۆتۆمبێلەکەیان بووە".
 
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021دا چوار هەزار و 119 رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان روویانداوە و لە ئەنجامدا 662 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 121 کەسیش بریندار بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە