لایەنی پەیوەندیدار: لە بەشێکی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک پەڵەی داوە

18-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرەتای ئەم هەفتەیە یەکەم شەپۆلی بارانبارینی ئەم ساڵ باشووری کوردستانی گرتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکان دەڵێن، لە بەشێکی زۆری پارێزگای دهۆک و بەشێکی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی پەڵەی داوە.
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، د. شاخەوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسیی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بارانەی دەبێتە هۆی پەڵە، دەبێت لەنێوان 35 بۆ 45 ملیمەتر بێت؛ بارانی چەند رۆژی رابردووش باش بوو کە پارێزگای هەولێریشی گرتەوە."
 
لەبارەی پەڵەدان لە پارێزگای هەولێر، د. شاخەوان حەمەسەعید گوتی: "لە بەشێکی ناوچەکانی باشووری هەولێر پەڵەی داوە."
 
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم بارانە، بارانی پەڵە بوو. بەپێی ئامارەکانی بەردەستمان، لە سنووری دهۆک، سۆران، سلێمانی و بەشێک لە ناوچەکانی باکووری گەرمیان پەڵەی داوە، بەڵام لە هەڵەبجە پەڵەی نەداوە. لە سنووری کەرکووک، سنووری سەنتەری هەولێر، کەلار و کفری بارانی زیاتر بۆ پەڵە پێویستە."
 
بە گوتەی محەممەد کەمال، تاوەکو 20ی تشرینی دووەم کاتی بارانی پەڵە دەمێنێت و گوتیشی: "لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەگەری شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەیە."
 
هاوکات پشتیوان حەمەعەلی، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی تۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پەڵەدان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە، بەڵام لە بەشێکی سنووری پارێزگای سلێمانی پەڵەی داوە، وەک سەنگاو، بازیان، بەرزنجە، سەروچاوە، پێنجوێن و چوارتا. لە سنووری هەڵەبجە هێشتا پەڵەی نەداوە."
 
جیهان رەسوول، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، بە رووداوی راگەیاند: "لە پارێزگای دهۆک بارانی پێویست باریوە کە پێویستە سەرووی 60 ملیمەتر بێت؛ بۆیە لە بەشی زۆری پارێزگای دهۆک پەڵەی داوە."
 
چ کاتێک پەڵە دەدات؟
 
بە شێوە زانستییەکەی پەڵە بەشێوازە دیاریکراوە 'خاکەکە بەهۆی بارانبارینەوە بە قووڵایی 20 بۆ 30 سانتیمەتر تەڕ ببێت.'
 
جووتیارانیش پەڵەدانیان بەو شێوەیە دیاریکردووە کە "ئەوەندە باران باری بێت کە لەکاتی کێڵانی زەویدا بە قووڵایی ئەو شوێنەی دەمی گاسنی پێدەگات و هەڵدەگێڕدرێتەوە، خاکەکە تەڕ بووبێت."
 
مەرج نییە بارانی بەلێزمەی لەناکاو ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە دەکرێت نەچێتە نێو خاک و تەنیا لەسەر زەوی بمێنێتەوە یان بڕوات. بەگشتیش دەکرێت بارینی بەخوڕی هێواش لەنێوان 12 بۆ 20 کاژێر ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە ئەو کاتە خاک زۆرینەی ئاوی بارانەکە هەڵدەمژێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووکاری فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک.

فۆرمی خۆراک کاراکرایەوە؛ 'بۆ تۆمارکردنی هەر ناوێک دەبێت شەش هەزار بدرێت'

فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی بەهەر هۆکارێک ناویان تۆمارنەکردووە و بەشەخۆراکیان بڕدراوە، کارا کرایەوە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێ، هەر زیادکردنێکی ناو شەش هەزار دیناری پێویستە.