رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک بەنداوی دەربەندیخان زۆرترین بڕ ئاوی تێچووە و سێ مەتر بەرزبووەتەوە، بەدوای ئەویشدا بەنداوەکانی دووکان و دهۆک دێن.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی دوایین شەپۆلەکانی بارانبارینی ئەم وەرزەی بارینەوە، 250 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە".
بەنداوی دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. رەحمان خانی گوتی: "زۆرترین ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان زیادیکردووە، کە سێ مەتر ئاستەکەی بەرز بووەتەوە".
لەبارەی بەنداوی دووکانەوە کە گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و لە پارێزگای سلێمانییە. بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان گوتی: "بەهۆی بارانبارینەکانەوە ئاستی ئاوی بەنداوەکە 1 مەتر و 80 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە".
بەنداوی دهۆک لە هەرێمی کوردستان سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 50 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان گوتی: "بەنداوی دهۆک ئاوی زۆر زیادی نەکردووە و ملیۆنێک مەتر سێجا ئاوی گلدراوەی زیادبووە".
جگە لەو بەنداوانە، ژمارەیەکی دیکە بەنداو و گۆم لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و ساڵانە ئاویان تێدا گل دەدرێتەوە، بەشێکیشیان کاریان تێدا دەکرێت و تەواو نەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ