رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی مانگی سووری کورد لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، "بانگەواز لە هەموو خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەکەم بێن خوێن بە نەخۆش و نەخۆشخانەکانمان ببەخشن." هاوکات داوای هاریکاریی مرۆیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 19-01-2026 بەرپرسی نووسینگەی مانگی سووری کورد لە حەسەکە لە بووڵتەنی کاژێر 11:00، کە سیما ئابخێزر پێشکێشی کرد، لە حەسەکەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
دوێنێ لەکاتی گواستنەوەی برینداران لە رەققەوە بەرەو حەسەکە، کاروانێکی تەندروستی کەوتە نێو بۆسەیەکی چەکدارییەوە. بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی مانگی سووری کورد لە حەسەکە، 25 ئۆتۆمبێل بوون کە ژمارەیەک خەڵکی سڤیلیشیان لەگەڵ بووە، کە ژن و منداڵی برینداریان دەگواستەوە.
مەحجوب حەسۆ گوتی، "لە رێگەی رەققەوە بۆ حەسەکە، کە گەیشتینە دەڤەری کەرامە، حەوت جار هێرشمان کرایەسەر؛ هاوکات لە دەڤەری سەباحولخەیر هێرشمان کرایەسەر."
ئەو بەرپرسەی مانگی سووری کورد لە حەسەکە گوتیشی، "ئەندامێکمان شەهید بوو و تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەندامێکی دیکەمان نادیارە؛ ئەمبوڵانسەکانمان کرانە ئامانج؛ راستەوخۆ لە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکانی ئێمەیان دەدا."
دکتۆر عەگید ئۆسۆ، کە لەنێو کاروانەکەدا بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای هێرشەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و پارێزگارییان لە کاروانەکە کرد. کاروانەکە دابەش بوو؛ هەندێکمان رێڕەوی خۆمان گۆڕی بەرەو کۆبانێ و هەندێکی دیکەش بەردەوام بوون بەرەو حەسەکە."
مەحجوب حەسۆ ئەوەیشی گوت، "ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیل ئاوارە بوون. هێرشی بەردەوامیان کراوەتە سەر و کوژراون. بەو هۆیەوە ژمارەی کوژراو و برینداران دیار نییە."
بەرپرسی نووسینگەی مانگی سووری کورد لە حەسەکە بانگەواز ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات و دەڵێت، "خەڵکی رۆژئاڤا ئەوە پێنج شەش جارە لەسەریەک ئاوارە دەبن؛ پێویستیان بە دەرمان و خواردن و هەموو شتێکە. خەڵک تووشی سەختییەکی زۆر بوون و پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە."
لەبارەی ژمارەی ئەو خێزانانەی کە ئاوارە بوون دەڵێت، "سەختە ژمارەکە وەکو خۆی دەستنیشان بکرێ، بەڵام دەتوانم بڵێم تاوەکو ئێستا نزیکەی 20 هەزار خێزان ئاوارە بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ