رووداو دیجیتاڵ
سوپای عەرەبیی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان لە گوندەواری رۆژئاوای حەسەکە، بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی حەلەب و گوندەواری باکووری رەققە جێگیر کراون، ئەمەش دوای رێککەوتنێکی ئاگربەست دێت کە رۆژی یەکشەممە لەنێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا کرا.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا رۆژی 19ی کانوونی دووەم، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی هەواڵی وڵاتەکە (سانا) رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بە بڵاوبوونەوە لەو ناوچانەدا کردووە.
رێککەوتنەکەی 18ی کانوونی دووەم، دوای چەند رۆژێک لە پێکدادانی تووند هات کە تێیدا هێزەکانی حکومەت بە پشتیوانیی چەکدارانی هۆزە عەرەبەکان، چەند ناوچەیەکی ستراتیژییان کۆنترۆڵ کرد، لەوانە شاری تەبقە، بەنداوی فورات (کە بە بەنداوی تەبقەش ناسراوە)، کێڵگە نەوتییەکان و بەشێک لە پارێزگاکانی رەققە و دێرەزوور لە رۆژئاوای رووباری فورات.
ئامانج لەم بڵاوەپێکردنە، گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقە بۆ ئەو ناوچانە، وەک بەشێک لە بڕگە فراوانەکانی رێککەوتنەکە کە کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە بۆ رۆژهەڵاتی فورات، رادەستکردنی کۆنترۆڵی کارگێڕی و سەربازیی رەققە و دێرەزوور بە دیمەشق، هەروەها تێکەڵکردنی شەڕڤانانی هەسەدە بە شێوەی تاکەکەسی لەنێو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا دوای وردبینی، لەخۆدەگرێ.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبی سووریا داوای لە هاووڵاتییانی سڤیل لەو ناوچانە کردووە پابەندی رێنماییەکانی یەکەکانی سوپا بن و تەنیا بۆ کاری پێویست هاتووچۆ بکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سوپا سەلامەت بن.
لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی پارێزگەی حەلەب رایانگەیاند، کاروانێک پاسیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بچنە تەبقە بۆ ئەوەی ئاوارەکانی عەفرین کە زۆربەیان پێشتر لە تووندوتیژییەکان هەڵاتوون و لە تەبقە و دەوروبەری نیشتەجێ بوون، ئێستا دەگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان لە عەفرین.
ئەم پێشهاتە نوێیانە دوای رێککەوتنێکی سەرەتایی مانگی ئاداری 2025 دێت کە لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە واژۆ کرا.
گرژییەکان لە کانوونی دووەمی 2026 پەرەیان سەند، دوای ئەوەی رێککەوتنەکە بێ جێبەجێکردن کۆتایی هات.
دیمەشق رێککەوتنەکە وەک هەنگاوێک بەرەو یەکخستنەوەی سووریا سەیر دەکات، هەرچەندە هێشتا روون نییە وردەکارییەکانی وەک وردبینیی ئەمنی، بەڕێوەبردنی خۆجێی لە ناوچە کوردستانییەکانی وەک حەسەکە و گەرەنتیکردنی مافی پێکهاتەکان، چۆن جێبەجێ دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ