تاقیکردنەوە بەراییەکانی پۆلی 12 دەستپێدەکات

19-02-2023
دانا عومەر
هۆڵێکی تاقیکردنەوە لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
هۆڵێکی تاقیکردنەوە لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پرۆسەی تاقیکردنەوە بەراییەکانی پۆلی 12یە و زیاتر لە 23 هەزار کەس بەشدارە. بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''شوێنی تاقیکردنەوە لە ناوەندی قەزاکان دەبێت.'' 
 
رۆژی یەکشەممە، 19-02-2023، نورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی و جەعفەر رەشید پێشکێشی دەکەن، رایگەیاند: ''ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دەستپێکردنی پرۆسەی تاقیکردنەوە بەراییەکانە و کاژێر یەک دەبێ قوتابییان لە هۆڵی دیاریکراوی خۆیان ئامادە بن.''
 
نورەدەین عوسمان ئاماژەیدا، 23 هەزار و 108 قوتابی و خوێندکار لە تاقیکردنەوەکەدا لە کۆی 247 هۆڵی زانستی، 160 هۆڵی وێژەیی و 32 هۆڵی پیشەیی بەشداری دەکەن و ئێستا کۆی هۆڵەکانیان لە 439 هۆڵ لە هەموو هەرێمی کوردستان پێکهاتووە. 
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، ''ئەمڕۆ کاژێر 13:00 بەپێی خشتەیەکی هاوپێچ کە لە رابردوودا بڵاومان کردووەتەوە، لە سەرجەم بابەتەکاندا، سەرجەم قوتابی و خوێندکاران دەست بە تاقیکردنەوە دەکەن."
 
بەگوتەی نورەدین عوسمان، لە هۆڵی تاقیکردنەوەکان ئامادەکاریی تەواو بۆ پڕۆسەکە کراوە و ''ئەوانەی تاوەکو ئێستا پێناسەی ئەزموونیان وەرنەگرتووە و سەردانی قوتابخانەکانیان نەکردووە، لە کاتی دەسپێکی تاقیکردنەوە، بەڕێوەبەری هۆڵەکە پێناسەی تاقیکردنەوەیان پێدەدات لەدوای ئەوە، ئەو پێناسەیە لەلای خۆیان دەمێنێتەوە.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە