رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گازی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز، گازی 555 خانەباخ لە سنووری ئەو پارێزگایە بڕدراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، ناسر حوسێنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گازی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی سەرما و سەرهەڵدانی کێشەی کورتهێنانی گاز لە ئێران، لە لایەن تیمەکانیانەوە گازی 555 خانەباخ (ڤێلا) بڕدراوە.
ناسر حوسێنی گوتی، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز، چاودێریکردن و بەدواداچوونی تیمەکانیان بەردەوام دەبێت.
حوسێنی داوای لە هاووڵاتیان دەکات، بەکارهێنانی گاز کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی کۆمپانیای گازی کرماشان بتوانێت گازی پێویست بۆ هەموو هاوبەشەکان لە شار و گوندەکان دابین بکات.
هۆشداریش دەداتە ئەو هاوبەشانەی گازی زیاتر لە پێویست بەکاردەهێنن و دەڵێت، رێکاری جیدی لە بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنەبەر و ئەو هاوبەشانە سزادەدرێن.
ئێران لە هاوینی پارەوە تووشی کێشەی کورتهێنانی گاز و کارەبا بووەتەوە و حکومەتی ئەو وڵاتە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، چەندین رێکاری وەکوو بڕینی گاز و کارەبا لە سەر ماڵان و کارگەکان، داخستنی قوتابخانەکان و فەرمانگە حکومییەکان گرتووەتەبەر، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کێشەکە بنبڕ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ