رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئەدەبی بۆکان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، رێزی لەو کەسانە نا، کە خزمەتی زمانی کوردی دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026، ئەندامێکی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئەدەبی بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی دوێنی چوارشەممە 18ی شوبات، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، رێوڕەسمێک لەلایەن ئەنجوومەنەکە ساز کرا."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنەکە گوتی: "لە رێوڕەسمەکە رێز لە هەموو ئەو کەس و مامۆستایانە گیرا، کە خزمەتی زمانی کوردی دەکەن و خەڵک فێری خوێندن و نووسینی زمانی کوردی دەکەن."
لە رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان رێگەپێدراو نییە، بەڵام لە سەنتەر و ئەنجوومەنەکان بەشێوەی خۆبەخش یان بە پارەیەکی کەم خەڵک فێری نووسین و خوێندنی زمانی کوردی دەکرێن.
رۆژی 21-2ـی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی زمانی دایكە و هەموو گەلانی جیهان بە چالاكی جۆراوجۆر ئەو رۆژە بەرز رادەگرن. لە جیھاندا 6 ھەزار زمان ھەن، بەڵام زۆریان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرەو زۆرترین خەڵك قسە بە 100 زمان دەكەن، زمانی كوردیش لە پلەی 59-یەمین زمانی جیهاندایە.
زمانی کوردی پێنج زاری سەرەکی هەیە و هەر زارێکیش لە چەند شێوەزارێک پێکهاتوون کە بەمشێوەیەن:
شێوەزارەکانی گۆرانی: هەورامی، کەندولەیی، باجەلانی
شێوەزارەکانی زازاکی: زازاکی سەروو (دێرسیم)، زازاکی ناوەند (ئامەد)، زازاکی خواروو (رووها)
شێوەزارەکانی کرمانجیی سەروو: سەرحەدی، بادینی، بۆتانی، رۆژئاوایی
شێوەزارەکانی کرمانجیی خواروو: کەلهوڕی، فەیلی، کرماشانی
شێوەزارەکانی کرمانجیی ناوەند: سۆرانی، موکری، سلێمانی، گەرمیانی و ئەردەڵانی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ