رووداو دیجیتاڵ
هەژار عەبدولڕەحیم، پێشمەرگەیەکی تەمەن 40 ساڵە و باوکی پێنج منداڵە. 11 ساڵە لە سەنگەرەکانی بەرگرییە، بەڵام ئەمڕۆ خۆی و خانەوادەکەی لە سەنگەرێکی سەختتری ژیاندان. ئەم خانەوادەیە کە لە حەوت کەس پێکدێن، لە خانوویەکی کرێدا لە شارۆچکەی تەقتەق دەژین کە مانگانە 125 هەزار دینار دەدەن، لەکاتێکدا مووچەکەی هەژار تەنیا 501 هەزار دینارە و مانگانە دەبێت 750 هەزار دینار قەرز و کرێی خانوو بدات.
هەژار، کە لە میحوەری خازر دەوام دەکات، چیرۆکی سەختی ژیانی خۆی لە (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی تۆڕی میدیایی رووداو گێڕایەوە کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، ئەو گوتی: "بۆ ئەوەی بگەمە دەوام، کاژێر 6:00ی بەیانی لە ماڵ دەردەچم و لەسەر شەقام بە چەندین ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و پیکاب دەڕۆم تاوەکو نزیکی نیوەڕۆ دەگەمە شوێنی کارەکەم."
ئەو ناچار بووە بەهۆی کەمدەرامەتی و بەرزیی کرێی خانوو، ماڵی لە هەولێرەوە بۆ تەقتەق بگوازێتەوە، بۆ خانوویەک کە وەک خۆی دەڵێت: "سەقفەکەی دڵۆپە دەکات و لە ترسی جرج، کونەکانمان بە نایلۆن گرتووە."
نەهامەتییەکانی ئەم خانەوادەیە تەنیا هەژاری نییە، بەڵکو نەخۆشی و رووداوی نەخوازراویش بەرۆکی گرتوون. سنەوبەر حەمیدی هاوژینی هەژار، کە تاوەکو ئێستا 8 نەشتەرگەری بۆ کراوە، هێشتاش بەدەست چەندین کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنێت. ئەو دەڵێت، "بەردەوام کیس لە لەشمدا دروست دەبێتەوە و پێویستم بە نەشتەرگەریی دیکە هەیە، بەڵام بەهۆی بێ پارەییەوە ناتوانم بیکەم."
سنەوبەر باس لەوە دەکات کە بەهۆی نەبوونییەوە، کوڕە گەورەکەیان لە خوێندن کردووەتەوە و "چەندین رۆژە تەنیا پەتاتە دەخۆین."
منداڵەکانیشیان هەریەکەیان چیرۆکێکی خەمگینیان هەیە. بێکەسی تەمەن 14 ساڵ، بەهۆی هەژارییەوە وازی لە خوێندن هێناوە و ئێستا لە کۆیە کاری فرۆشتنی فەلافل دەکات. سۆلینی تەمەن 12 ساڵ، سێ ساڵ لەمەوبەر بەشێکی زۆری جەستەی بە زەیتی گەرم سووتاوە و تاوەکو ئێستا بەهۆی نەبوونییەوە نەشتەرگەریی بۆ نەکراوە. هەریادی تەمەن 6 ساڵیش، بەهۆی ترازانی ئێسکی هەردوو شانییەوە، نەچووەتە قوتابخانە و تاوەکو ئێستاش نەشتەرگەری بۆ نەکراوە.
هەژار، بۆ دابینکردنی خەرجیی نەشتەرگەرییەکانی خێزانەکەی، خانووەکەی لە گوندی "بشیریان' فرۆشتووە و 31 ملیۆن دیناری قەرز کردووە کە هێشتا 18 ملیۆن دیناری ماوە بیگەڕێنێتەوە. ئەو چیرۆکە بە ئازارەی کاتێک تراژیدیتر دەبێت کە هەژار باس لە رووداوێکی هاتووچۆ دەکات کە لەکاتی ماڵگواستنەوەی ماڵەکەیاندا لە هەولێرەوە بۆ کۆیە کە ساڵی رابردوو روویدا و تووشی بوون و تێیدا هاوڕێیەکی گیانی لەدەستدا و ئەندامانی خێزانەکەشی بریندار بوون.
دوای بڵاوبوونەوەی چیرۆکی ئەم خانەوادەیە، دوو خێرخواز پەیوەندییان بە (بەرپرسیاری رەمەزان)ـەوە کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ یارمەتیدانیان دەربڕیوە. یەکێکیان ئامادەیە هەموو قەرزەکانیان بداتەوە و پێداویستییەکانی ناوماڵیان بۆ دابین بکات، ئەوی دیکەشیان کرێی ساڵێکی خانووەکەیان دەدات و خۆراکیشیان بۆ دابین دەکات.
ئەو خێزانە لە تەقتەق لە خانووی کرێ دەژین. چاوەڕێی دەستی خێرخوازانن بۆ رزگاربوونیان لە دۆخی سەخت و ئەنجامدانی نەشتەرگەری و رەوینەوەی خەمی قەرزاری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ