رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەسەدە لە هەرێمی فورات دەڵێت، سیاسەتی خۆیان لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی عەرەب دانەڕشتووە، بەڵام کێشەیان لەگەڵ ''بیرکردنەوەی شۆڤێنی''ـی بەشێک لە هۆزە عەرەبییەکاندا هەیە.
چوارشەممە 18-02-2026، عەبدولعەزیز یونس، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەرێمی فورات، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دلبخوین دارا پێشکێشیکرد، باسی لە پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب کرد لە ناوچەکە و رایگەیاند، لە رەققە و سەرجەم بەرەکانی شەڕ لە دێرەزوورەوە تاوەکو سەرێکانی، لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان کاریان کردووە.
لەکاتی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ژمارەیەک لە ئەندامانی هەسەدە کە سەر بە هۆزە عەرەبییەکان بوون، هەڵگەڕانەوە و چوونە پاڵ حکومەت و لە هەندێک شوێنیش هێرشیان کردە سەر شەرڤانان. عەبدولعەزیز یونس ئاماژەی بەوە کرد، هیچ کات ئەو متمانەیان لا دروست نەبووە، کە هەموو هۆزە عەرەبەکان هاوپەیمانیان دەمێننەوە و ناپاکییان بەرامبەر ناکەن.
سەرەڕای هەڵگەڕانەوەی بەشێک لە هۆزە عەرەبەکان، ئەو بەرپرسەی هەسەدە دەڵێت، ''هیچ کاتێک نەمانگوتووە کە دژی عەرەبین یان عەرەب دژی ئێمەیە. بەڵکو کێشەی ئێمە لەگەڵ بیرکردنەوەی شۆڤێنییە کە هەوڵ دەدات گەلی کورد، کولتوور و زمانەکەی بسڕێتەوە."
بەگوتەی عەبدولعەزیز یونس، پێچەوانەی عەرەبە رەگەزپەرستەکان، ئەوان هەوڵیان داوە لەسەر بنەمای ''بیرکردنەوەیەکی نوێ'' سووریایەکی دیموکرات و ناناوەندی دابمەزرێنن.
ئەو بەرپرسەی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە، "ئەگەر بڵێین هەموو هۆزە عەرەبەکان دژی ئێمەن، نادادپەروەرییە، چونکە تاوەکو ئێستاش زۆربەیان لەگەڵ ئێمەدا کار دەکەن."
عەبدولعەزیزی یونس ئاماژەی بە کاریگەریی نزیکەی 60 ساڵی دەسەڵاتی بەعس کرد بۆ چەوساندنەوەی کورد و رایگەیاند: ''ئەو بیرکردنەوەیە کاریگەریی لەسەر رۆشنبیرانیش هەبووە و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش کەوتە ژێر کاریگەریی سەلەفییەکان و لەسەر ئەو بنەمایە داعش و سوپای ئازادی سووریا دروست بوون، کە رۆڵی نەرێنیی خۆیان لەنێو کۆمەڵگەی عەرەبیدا گێڕا''.
هاوکات ئەو بەرپرسەی هێزەکانی سووریای دیموکرات باس لە هەندێک هەڵەی هەسەدە دەکات لە رابردوودا و دەڵێت، لەوانەیە خوێندنەوەی سیاسییان لە هەندێک قۆناخی هەستیاردا گونجاو نەبووبێت.
عەبدولعەزیز یونس، باسی لە کوشتن و رفاندنی شەڕڤانانی کورد کرد لەلایەن عەرەبەکانەوە کرد لە کاتی کشانەوەیاندا لە رەققە و گوتی، "ئەو هێرشانە لەلایەن کەسانێکەوە کران کە هەڵگری بیری تووندڕۆیی بوون.''
هێشتا بەشێک لە ئەندامانی هێزەکانی سووریای دیموکرات عەرەبن. عەبدولعەزیز سەبارەت بە ئەگەری هەڵگەڕانەوەی ئەوانیش لە هەسەدە ئاماژەی دا: ''ئێمە ناتوانین بڵێین هەموو عەرەبەکان ناپاکیمان بەرامبەر دەکەن و هەروەها ناتوانین بڵێین کوردیش هەموویان باشن.''
''پێویستە یەکڕیزیی کورد بەهێز بێت''
ئەو بەرپرسەی هەسەدە یەکڕیزیی کورد بە فاکتەرێکی گرنگ دەزانێت و دەڵێت: ''ئەوە گوتەی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدییە کە هەمووکات پاڵپشتیی لە یەکڕیزی و برایەتیی کوردان دەکەن.''
عەبدولعەزیز یونس، لەبارەی شێوەی بەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان و دووبارەکردنەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، گوتی "ئەزموونی باشووری کوردستان ناتوانرێ وەک خۆی لە رۆژئاوای کوردستان دووبارە بکرێتەوە، چونکە دیمۆگرافیای دوو ناوچەکە جیاوازن و لە رۆژئاوای کوردستان گوندە کورد و عەرەبنشینەکان تێکەڵن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ