رووداو - هەولێر
تونێلی پیرمام کە لە کۆتایی ساڵی 2010 بە گوژمەی نزیکەی 148 ملیۆن دۆلار دەست بە درووستکردنی کرا، کرایەوە.
بڕیاربوو تونێلەکە کۆتاییەکانی ساڵی 2014 تەواوبکرێت و بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژی داعش لەدوای ساڵی 2014 بەروەپێشچوونێکی کەمی بەخۆیەوە دەبینی.
لە ساڵی 2018 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کات بە تەرخانکردنی نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار، پرۆسەی تەواوکردنی خێراکرد.
هۆزان هەینی، ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێ "لەدوای زاخۆ ئەمە دووەمین تونێلە کە هەموو ستانداردەکانی تێدایە وەکو سەلامەتی، هەواگۆڕکێ، رووناکی و کارەبای یەدەگ".
تونێلی پیرمام لە دوو توونێلی چوون و هاتن پێکهاتووە، هەریەکەیان دوو هەزار و 470 مەتر درێژە؛ رێگەی ناوەندی شاری هەولێر بۆ شەقڵاوە 13 کیلۆمەتر کەمدەکاتەوە.
لەنێو هەر تونێلێکدا 48 ئامێری هەواگۆڕکێ و شەش وێستگەی ئاگرکوژێنەوە هەن؛ لە هەر 40 مەتر کامێرایەک و لە چوونی نێو تونێلەکان و هاتنەدەرەوەش دوو کامێرا کە 360 پلە دەسووڕێن، دانراون.
جگە لە قیرتاوکردنی جادەکانی نێو تونێلەکە، نزیکە پێنج کیلۆمەتر جادە لە دەرەوەی تونێلەکەش دروستکراوە کە هەر 200 مەتر ئامێرێکی بەرزی هێما و رێنماییەکانی هاتووچۆی لێ دانراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ