پرۆژەکە لە ساڵی 2018 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی دانرا
کۆمپانیای هێمن گرووپ رایگەیاند، دوایین قۆناخی رێگەی خێرای هەولێر- دهۆک تەواوبووە و ئەمڕۆ رێگەکە بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانیان دەکرێتەوە. تەواوبوونی ئەم رێگەیە، جگە لە کەمکردنەوەی ماوەی نێوان هەولێر و دهۆک، هەنگاوێکی دیکەیە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی رێگە بۆ سەر ژیانی هاونیشتمانیان.
پرۆژەی رێگەی خێرای نێوان ههولێر - گۆپاڵ، گۆپاڵ - رۆڤیا لە رێگەی دوو سایدی (ئۆتۆبان)ـی هەولێر ـ دهۆک لە ساڵی 2018 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی دانرا و هەر ئەو رۆژە دەستپێکردنی کارەکانی پرۆژەکەی راگەیاند.
لە رۆژی 20-10-2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرۆژەی رێگەی دووسایدی رۆڤیا-گۆپاڵی کردەوە و داوای لە شۆفێران کرد، لەکاتی بەکارهێنانی رێگەکەدا پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن و دووربن لە تیژڕەوی، تاوەکو پارێزراو بن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی کردنەوەی پرۆژەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد، گوتی "بەردی بناخەی ئەم پرۆژەیە لە کابینەی پێشوو دانراوە و لەم کابینەیەی حکومەت تەواوکرا". سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەشی کرد کە پێش تەواوبوونی وادەی خۆی، کارەکانی تەواوکردووە.
کارەکانی پرۆژەکە بە گوتەی مەسرور بارزانی، "بە ستانداردی نێودەوڵەتی" دروستکراون، گوتیشی، خۆشحاڵە کە ئەو پرۆژەیەش هاوشێوەی چەندین پرۆژەی دیکە لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵییەوە دروستکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ