مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بە زەوییە کارتەکان دەدرێتەوە

19-05-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری مۆڵکایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر رایگەیاند، دوای نزیکەی ساڵێک لە راگرتنی پێدانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بەو زەوییانەی کە کارتن، بە فەرمانی وەزارەتی شارەوانی دووبارە پێدانی مۆڵەت دەستیپێکردەوە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-5-2022، هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆڵکایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە مانگی 7ی 2021، پێدانی مۆڵەت بەو زەوییانەی کە کارتن لە هەموو شارەوانییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر راگیرابوو، بە فەرمانی وەزارەتی شارەوانی دووبارە دەستدەکرێتەوە بە پێدانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بە خاوەنی ئەو زەویانە. بڕیارەکەش سەرجەم زەوییە کارتەکان لە ھەموو قەزا و ناحیەکانی پارێزگای ھەولێر دەگرێتەوە. 
 
بە گوتەی، بەڕێوەبەری مۆڵکایەتی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانێیکانی هەولێر، نزیکەی 25 هەزار هاونیشتیمانی، کە کارتیان هەیە دەتوانن لە پێدانی ئەو مۆڵەتە سوودمەند بن.
 
لە بارەی خزمەتگوزاریی بۆ ئەو زەویانە، هیوا ئەحمەد گوتی: "زۆربەی ئەو شوێنانەی کە کارتیان هەیە، خزمەتگوزارییان هەیە، تەنیا چەند گەڕەکێکی کەم نەبێت، ئەوەش دەبێت شارەوانی پلانی تایبەتی هەبێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئەو گەڕەکانە."
 
لەبارەی مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی خانوو، هیوا ئەحمەد گوتی: "پێویستە داواکار نەخشەی کەرتی پەسندکراوی ھەبێت، ھەروەھا وردبینی بکرێت لە داوای مۆڵەتەکەی، نابێت پێشتر ئەو کەسە لە زەوی دیکە سوودمەند بووبێت." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە