رووداو دیجیتاڵ
برایەکی شێروان شێروانی رایگەیاند، لە دوێنێ ئێوارەوە شێروان لە هۆڵەکەی خۆی لە چاکسازیی گەورانی هەولێر گواستراوەتەوە و نازانن لە کوێیە، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، شێروان شێروانی لە چاکسازیی گەورانی هەولێرە تەنیا هۆڵەکەی گۆڕدراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-10-2022، بارزان شێروانی، برای شێروان شێروانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ شێروان شێروانی برام پەیوەندی پێوەکردم و گوتی ئیدارەی چاکسازی بانگیان کردووە و پێیانگوتووە تۆ بە دزییەوە کۆدی مۆبایلی کەسێکت بەکارهێناوە و تەلەفۆنت کردووە، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە کە ئەو کارەی کردبێت، دواتر پێیانگوتووە لە هۆڵەکەی خۆت دەتگوازینەوە."
براکەی شێروان شێروانی گوتی: "لە دوێنێ ئێوارەوە دوای ئەو پەیوەندییەی شێروان هیچ هەواڵێکی نازانین و ئاگادار نین لە کوێیە و بۆ کوێ گواستراوەتەوە."
بەڵام ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "هەواڵی گواستنەوەی شێروان شێروانی بۆ دەرەوەی چاکسازیی گەورانی هەولێر راست نییە، ئەو تەنیا لەنێو چاکسازی گەورانی هەولێر لە هۆڵێکەوە بۆ هۆڵێکی دیکە گواستراوەتەوە."
لەبارەی هۆکاری گواستنەوەکەش، ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی: "کەسێک لە چاکسازی سکاڵای لەسەر کردووە، کە شێروان شێروانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی کۆدی تەلەفۆنی ئەوی بەکارهێناوە و تەلەفۆنی کردووە، لەسەر ئەو سکاڵایە لە هۆڵێکەوە گواستراوەتەوە هۆڵێکی دیکە، کە خەڵکی دیکەشی تێدایە."
شێروان شێروانی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2020، دەستگیرکرا، ئەوکات دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شێروان شێروانی تۆمەتبارە بە "گوتنى قسەى نەشیاو، تۆمەت دروستکردن و تێکدانى ئاشتیی کۆمەڵایەتى".
رۆژی 12-6-2021، دادگەی هەولێر، شێروان شێروانی و چوار کەسی دیکەی بەپێی ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، بە شەش ساڵ بەندکردن سزادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ