سوپای ئیسرائیل: تونێلێکی 55 مەتریمان لە ژێر نەخۆشخانەی شیفا دۆزییەوە

19-11-2023
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینەکاندا لە نەخۆشخانەی شیفا، سوپای ئیسرائیل دۆزینەوەی تونێلێکیان لە ژێر نەخۆشخانەکە راگەیاند. بەگوتەی سوپا، تونێلەکە 55 مەتر درێژە و چەک و تەقەمەنیی جۆراوجۆری تێدا بووە. لە کۆتایی تونێلەکەش دەرگایەکی گولـلەنەبڕ هەیە کە نێوەندێکی فەرماندەیی حەماسدا لەپشتییەوە هەیە.
 
رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تونێلێکیان لە ژێر کۆگەیەکی نەخۆشخانەی شیفا دۆزیوەتەوە. بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی سوپا، تونێلەکە 10 مەتر قووڵە و 55 مەتر درێژە.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "پلیکانەیەک بەرەو دەروازەی تونێلەکە دەڕوات. تونێلەکە چەندین نارنجۆک، تەقەمەنی و چەکی کڵاشینکۆفی تێدا دۆزراوەتەوە، لە کۆتایی تونێلەکەش دەرگایەکی گولـلەنەبڕ هەیە کە نێوەندێکی فەرماندەیی حەماس لەپشتییەوە هەیە و بۆ رێگرییکردن لە هێزەکانی ئیسرائیل دروستکراوە."
 
پێشووتر لە رۆژی هەینی، 17ـی تشرینی دووەم، سوپای ئیسرائیل چەند دیمەنێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "ئەوانە تونێلی حەماسن لەژێر نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە و لەنێو تونێلەکەش تەرمی بارمتەیەکمان دۆزیوەتەوە". حەماسیش رەتیدەکاتەوە و گوتەکانی سوپای ئیسرائیل بە "پروپاگەندە" نێودەبات.
 
چەند رۆژێکە ئیسرائیل بە چەندین زرێپۆش، تانک و چەکی قورسەوە گەمارۆی کۆمەڵگەی تەندروستیی شیفای داوە لە غەززە. ئیسرائیل دەڵێت، حەماس ئەو کۆمەڵگە پزیشکییە بەرکادەهێنێت و تونێل و بارەگای چەکداری تێدایە، حەماسیش ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
ئوسامە حەمدان، بەرپرسێکی حەماسە، گوتی، "هیچ نێوەندێک و ژووری ئۆپەراسیۆنی حەماس لەنێو نەخۆشخانەی شیفادا نییە؛ وەک هەمیشە ئێمە بەردەوام لە نەخۆشخانەکان دووردەکەوینەوە؛ هەموو ئەوەی ئیسرائیل دەربارەی نەخۆشخانە دەیڵێت درۆیە."
 
سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر تەواوی نەخۆشخانەکانی باکووری غەززە چڕکردووەتەوە، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە حەماس بەوە تۆمەتبار دەکات کە دامەزراوە پزیشکییەکان بۆ مەرامی سەربازی بەکاردەهێنێت. لە هەمانکاتدا دەیانکاتە قەڵخانی مرۆیی بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.
 
دوێنێ شەممە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا گوتی، فەرمانیان پێکراوە "لە یەک کاژێردا" نەخۆشخانەکە چۆڵبکەن، لەکاتێکدا بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوو هەزار و 300 نەخۆش، بریندار و ئاوارەی تێدا بووە کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، بەڵام ناچار کراون هەرچۆنێک بێت نەخۆشخانەکە چۆڵ بکەن.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راگەیێندراوێکدا باسی دۆخی نەخۆشخانەی شیفا لە باکووری کەرتی غەززە دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی تیمێکی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان چووە نەخۆشخانەکە و راپۆرتێکی لەبارەیەوە ئامادە کرد. 
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاشماوەی هێرشی ئاسمانی و شەڕ و پێکدادان بە نەخۆشخانەکەوە دیارە و دەشڵێت، "لە حەوشەی نەخۆشخانەکەدا تیمەکەمان گۆڕێکی بەکۆمەڵیان بینی کە پێیان راگەیێندراوە لانیکەم 80 تەرمی تێدایە." 
 
تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تیمەکەیان بە هاوکاریی سوپای ئیسرائیل چووەتە نەخۆشخانەکە و بۆ ماوەی کاژێرێک لەوێ بووە. تیمەکەی هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە "دۆخی نەخۆشخانەکە زیاتر لە زۆنی جەنگ دەچێت."
 
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، "120 بریندار و کۆرپە" هێشتا لە نەخۆشخانەکە ماون و گیریان خواردووە. دەشڵێت، لەگەڵ خاچی سوور لەسەر هێڵن بۆئەوەی لە دۆخی ئەو گیرخواردووانەی نێو نەخۆشخانەی شیفا ئاگاداریان بکەنەوە.
 
ئەو نەخۆشخانەیە، پێش جەنگ گەورەترین و پێشکەوتووترین نەخۆشخانەی کەرتەکە بوو، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکان و بەهۆی زۆربوونی بریندار، کوژراو، کەمیی سووتەمەنی، کارەبا و دەرمانەوە رووبەڕووی گوشاری گەورە بووەتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە