رووداو دیجیتاڵ
مستەفا خەلیل، شارەزای ئابووری هۆشداریی تووند لە بارودۆخی مرۆیی و ئابووریی شارەکە دەدات و رایدەگەیێنێت، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە ماوەی 2-3 رۆژی داهاتوودا شارەکە رووبەڕووی کارەساتێکی گەورە دەبێتەوە.
مستەفا خەلیل، لەبارەی پێکهاتەی ئابووریی ناوچەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبانی هیچ کێڵگەیەکی نەوت و گازی تێدا نییە، ژێرخانی ئابوورییەکەی تەنیا پشت بە کشتوکاڵ و پیشەسازی دەبەستێت. رووبەری خاکەکەی 90 کیلۆمەتر درێژی و 70-80 کیلۆمەتر پانییەتی، کە زۆربەی زەوییەکانی بۆ چاندنی گەنم و جۆ بەکاردێن و بەشێکی دیکەشی باخە، بەرهەمەکەشی پەیوەستە بە بارانەوە؛ ئەگەر باران باش ببارێت، بەرهەمی نێوخۆیی بەشی پێداویستیی شارەکە دەکات و زیادیش دەبێت."
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی سووریا بە گشتی لە هەژاریدایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خەڵکی کۆبانی "ئیشکەرن"، رێژەی هەژاری لە نێو شارەکەدا لە 40% کەمترە.
بەهای خانووبەرە لە کۆبانی
سەبارەت بە بازاڕی خانووبەرە و کاریگەرییەکانی شەڕ، مستەفا خەلیل گوتی: "پێش هێرشەکانی سوپای سووریا، بازاڕی زەوی و خانوو زۆر گەرم بوو، نرخی یەک مەتر چوارگۆشە لەنێوان 200 بۆ 2000 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بازاڕەکە وەستاوە، رێک وەک ئەو دۆخەی دوای شەڕی داعش هاتە پێشەوە."
"ئێستا بەرزترین باڵەخانە لە شارەکەدا 4 نهۆمە، هەرچەندە شارەوانی رێگەی داوە بکرێتە 5 نهۆمیش، بەڵام جووڵەی بیناسازی بەهۆی شەڕەوە پاشەکشەی کردووە."
"ئەم دۆخە 2-3 رۆژی دیکە بەردەوامبێت کارەسات رووەدا"
ئەو شارەزایە گوزارشتێکی ترسناک لە دۆخی ئێستای کۆبانی دەکات و دەڵێت: "ئەم شەڕە ژیانی لە کۆبانی پەکخستووە. شارەکە لە هەر چوار لاوە دەورە دراوە و کەس ناتوانێت لێی بچێتە دەرەوە. کارەبا و ئاو بڕاون، خواردن و خواردنەوە لە بازاڕەکاندا نەماون. تەنیا دوو مۆڵی بچووک (سووپەرمارکێت) لە شارەکەدا هەن. ئەگەر تاوەکو 2-3 رۆژی دیکە دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، کارەساتێکی مرۆیی گەورە روودەدات."
بەشێکی خەڵکی کۆبانی مووچەخۆرن، کە مووچەی فەرمانبەر نزیکەی 100 دۆلاری ئەمریکییە.
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ رووداو، مستەفا خەلیل باسی لە کێشەی دراو کرد و گوتی: "تاوەکو ئێستا چاپی نوێی لیرەی سووری نەگەیشتووەتە کۆبانی. خەڵک هێشتا بە دراوە کۆنەکە مامەڵە دەکەن و هیچ بنکەیەکیش نییە بۆ گۆڕینەوەی پارە کۆنەکە بە نوێ، ئەمەش کێشەیەکی دیکەی بۆ مووچەخۆران دروستکردووە کە تێکڕای مووچەکانیان لە دەوروبەری 100 دۆلارە."
نوێنەری تەڤدەم: کۆبانی گەمارۆدراوە و ژیانی 150 هەزار کەس لە مەترسیدایە
ئەنوەر موسلیم، نوێنەری تەڤدەم لە کۆبانی رایگەیاند، شارەکە و چەندین گوندی دەوروبەری لە ژێر گەمارۆیەکی توندادان و نزیکەی 150 هەزار کەس رووبەڕووی مەترسییەکی مرۆیی گەورە بوونەتەوە.
موسلیم ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی 3 رۆژە کارەبا و ئاوی شاری کۆبانی بڕاوە و هەموو جۆرە هاتوچۆ و بازرگانییەک بۆ دەرەوەی شارەکە پچڕاوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی خواردن و پێداویستییە سەرەتاییەکان.
هەوڵەکان بۆ دابینکردنی ئاو
بەهۆی بڕانی ئاوی سەرەکی، ئێستا شارەوانیی کۆبانی هەوڵدەدات لە ڕێگەی مژۆکەوە سوود لە ئاوی ئەو بیرانە وەربگرێت کە لەبەردەستیاندا ماون، تاوەکو بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەشی بکەن و کەمێک لە بارگرانییەکانیان کەم بکەنەوە.
دۆخی سەربازی و ئەمنی
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، نوێنەرەکەی تەڤدەم ئاشکرای کرد کە تاوەکو دوێنێ لە قۆڵی باشوورەوە هێرشی چەکداری هەبوو، بەڵام ئێستا گرووپە چەکدارەکان پاشەکشەیان کردووە و دۆخەکە تاڕادەیەک ئاسایی بووەتەوە. گوتیشی: "خەڵکی گوندەکانی رۆژهەڵات و باشووری کۆبانی بۆ پاراستنی خۆیان چەکیان هەڵگرتووە، چونکە متمانەیان بەو گرووپە چەکدارانە نییە کە ناوی سوپای سووریایان لەخۆیان ناوە."
کەرتی پەروەردە و تەندروستی
بەهۆی خراپیی دۆخەکەوە، پرۆسەی خوێندن لە کۆبانی پەکیکەوتووە و هەموو قوتابخانەکان، باخچەی منداڵان، پەیمانگە و زانکۆکان داخراون. لە لایەکی دیکەوە، ڕەوشی نەخۆشخانەکان جێگیر نییە؛ هەرچەندە لە ئێستادا بۆ کارەبا پشت بە موەلیدە دەبەستن، بەڵام ئەنوەر موسلیم هۆشداری دەدات کە "ئەگەر گەمارۆکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، کەرتی تەندروستیش دەکەوێتە ژێر مەترسییەکی جیدییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ