رووداو دیجیتاڵ
وەک پشتگیرییەک لە رۆژئاوای کوردستان، لە دوێنێوە لە شار و شارۆچەکەکانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە دەکرێت، بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش لە باخی شاری هەولێر گردبوونەوەیەک بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی کانوونی دووەمی 2026، لە هەولێر گردبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و پشتگیریکردن لە کوردانی رۆژئاوا بەڕێوەدەچێت.
گردبوونەوەکە کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆ لە باخی شار دەکرێت.
شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، خۆپێشاندەران لە هەولێر چوونە بەردەم کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و داوای "هەڵوێستی جدی"یان لەو وڵاتە کرد. خۆپێشاندەران داوایان کرد جیهان لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان بێدەنگ نەبێت.
لە شەوی 19-01-2026ـەوە، لە پاش ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە داوای لە گەنجانی رۆژاڤا، باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد پەیوەندی بە "ریزەکانی بەرگری"یەوە بکەن لە رۆژاڤای کوردستان، گردبوونەوەی ناڕەزایی لە دەیان شار و ناوچەی باشووری کوردستان و دیاسپۆرا کرا.
لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک، کەلار، رانیە، زاخۆ و چەندین ناوچەی دیکە گردبوونەوە بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ