باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق لەڕێگەی رووداوەوە نەورۆز لە گەلی کورد پیرۆز دەکات

20-03-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە لە رێگەی رووداوەوە پەیامێکی بۆ هاووڵاتییانی کوردستان نارد و گوتی، "هیوا و ئاواتی من بۆ نەورۆزی ئەم ساڵ ئەوەیە، ئەو نوێبوونەوەی نەورۆز پێشانی دەدات بەسەر هەموو خەڵکی کوردستان و عێراقیشدا بێت."
 
ماوریتسیۆ گرێنگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نەورۆز لە هەموو ئەو هاوڕێیانەمان پیرۆز بێت کە بەبۆنەی ئەو یادە خۆشەوە ئاهەنگ دەگێرن، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستانی عێراق."
 
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق گوتیشی، "بە هیوام ئەو نەورۆزە تایبەتە، کە هاوکاتە لەگەڵ رەمەزان، ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئاشتی، دڵخۆشی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو ئەوانەی کە لە عێراق، کوردستان، ئیتاڵیا و هەموو جیهان ئەو یادە دەکەنەوە. لە کۆتاییدا دەڵێم، رەمەزانتان پیرۆز، جەژنتان پیرۆز."
 
نەورۆزی ئەمساڵ جگە لەوەی لە نێو مانگی رەمەزاندایە، هەروەها لە کاتێکیشدایە کە کەشوهەوا ناجێگیرە و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا بارانبارین هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین رێوڕەسمی تایبەت بەو یادە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن.
 
هاوکات ماوریتسیۆ باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "بەهیواین ئەو هەڵبژاردنە گرنگەی کە بڕیارە لە حوزەیرانی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، ببێتە هەوێنی نوێبوونەوەی دیموکراسی و جارێکی دیکە شەرعییەتی دیموکراسی دامەزراوە هەرێمییەکان دووپات بکاتەوە."
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکهاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسییەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ی شووبات دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان.
 
دوێنێ دووشەممە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەم جۆرەی ئێستا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی پێشمەرگەکە و باوکی

باوکی پێشمەرگە ونبووەکە: داوا لە حکومەت دەکەین کوڕەکەمان بدۆزێتەوە

دوای 10 ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی پێشمەرگەیەکی دانیشتووی ناحیەی دینارتە لە سنووری ئاکرێ، زانیارییەکی سەرەتایی دەگاتە کەسوکاری. باوکی ئەو پێشمەرگەیە دەڵێت، "ئێمەش تەنیا گوێمان لێبووە کە شوێنەکەی زانراوە، بەڵام نە بینیومانە نە گوێمان لە دەنگی بووە."