رووداو دیجیتاڵ
لاهوور شێخ جەنگی دوێنێ رایگەیاند، لەگەڵ پۆڵادی برای لە زیندان مان دەگرن. پارێزەرێکی دەڵێت، مانگرتنەکە دەستیپێکردووە. پارێزەرەکەی دوایین زانیاری لەبارەی دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 40 کەسیان هێشتا لە زیندانن.
لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی بەرەی گەل، شەوی یەکشەممە 19ـی نیسان، راگەیێندراوێکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە: "8 مانگە دوور لە هەموو نەریتێکی دامەزراوەیی و یاسایی بە ناحەق زیندانی کراوین".
لاهوور شێخ جەنگی لە زیندانەوە رایگەیاند: "بۆ ئەوەی دادگە رێڕەوی یاسایی خۆی بگرێ، تاوەکو ئێستا چاوەڕێمان کردووە، بەڵام دیارە گوشاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگە و دامەزراوەکان رێگرە لەوەی دۆسییەی سیناریۆکانی خۆیشیان بچێتە دادگەی تەمیز، بۆیە لەگەڵ کاک پۆڵاد [شێخ جەنگی لە زیندان] پێکەوە بڕیارمان داوە لەمڕۆوە مان لە خواردن بگرین تاوەکو ئەو کاتەی سەروەری یاسا لە دۆسییەکەمان بەدی دەکەین".
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە نیوەڕۆی دوێنێوە کاک لاهوور و کاک پۆڵادی برای مانیان لە خواردن گرتووە".
بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی لە 12-01-2026 برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت لە هەولێر.
پارێزەر قادر مەنتک دەڵێ: "9 جار لە دادگەی تێهەڵچوونەوە (تەمیز)ی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، داوای دۆسیەی کاک لاهوورم بە فەرمی کردووە، بەڵام وێڕای بڕیاری دادوەری سلێمانی، هێشتا لە سلێمانییەوە دۆسیەکەی نەگەیێندراوەتە هەولێر".
"دادوەر داوای لیستی پەیوەندییەکانی لاهوور شێخ جەنگی لە ئاسیاسێڵ کردووە"
ئەو پارێزەرەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی دەڵێ: "دۆسیە دەبێ لە رێگەی پۆستەوە بنێردرێ. سەرم سوڕماوە دادوەرێک خۆی لە سلێمانییەوە هێناویەتی، ئەویش کۆپییەکانی هێناوە، کە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان کار بە کۆپی ناکات".
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، دەبێ نووسراوە رەسەنەکانی دۆسیەکە بنێردرێ بۆ هەولێر و کۆپییەکانی لە سلێمانی بهێڵدرێتەوە.
پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی گوتی: "دادوەری سلێمانی داوای نووسراوی ئاسیاسێڵ کردووە سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی کاک لاهوور، تەنیا بەو ئامانجەی دۆسیەکە دوابخرێ. ئەوە پاساوە، چونکە ئێستا زۆرترین کەس لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندی دەکەن تاوەکو سیمکارت".
"زیاتر لە 40 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە زینداندان"
تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 40 کەس لە دەستگیرکراوانی رووداوەکەی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی ئازاد کراون، کە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی دەستگیرکرابوون، لەوانە 7 کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ ئازاد کران، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە ئازاد کران؛ دوایین گرووپ 09ـی نیسان 14 کەس ئازاد کران.
لەبارەی ئەوانەی لە زیندان ماون، قادر ئاغا مەنتک گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 40 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە زیندانی ئاسایشدا بێ دادگاییکردن ماونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە".
ئەو پارێزەرەی دۆسیەی لالەزار گوتی: "بەهۆی ئەوەی چەندین کەس بێ دادگاییکردن لە زیندان ماونەتەوە جگە لە کاک لاهوور و پۆڵادی برای، چەند کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دروستبووە، هەروەها لەنێو دەستگیرکراوندا منداڵی نەخۆشی هەیە. ئەوانە هەموویان بێ دادگا و بڕیاری دادوەر لە زینداندان و کەس نازانێ بۆ بڕیار لە چارەنووسیان نادرێ".
رووداوەکەی لالەزار
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ گەمارۆی هۆتێل لالەزاری سلێمانییان دا، کە جێگەی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێکی بەرپرسانی حیزبەکەی و پاسەوانەکانی بوون.
دوای رازینەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ