لافاو زیانێکی زۆری بە ژێرخانی سیدەکان گەیاندووە؛ 'هیچمان بۆ نەماوەتەوە'

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەندام جەبار
لافاوەکە زیانی بە 10 پرد و دەیان خانوو گەیاندووە
لافاوەکە زیانی بە 10 پرد و دەیان خانوو گەیاندووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاسەواری ئەو شەپۆلە بەهێزەی باران کە بەرەبەیانیی یەکشەممە سنووری سیدەکانی گرتەوە و لافاوی لێ دروست بوو؛ ئاستی ئاوی چەم و رووبارەکان بە شێوەیەک بەرزبووەوە، هەرچی لەبەردەمیان بوو رایانماڵی.
 
لافاوەکە زۆرترین زیانی بە رێگاوبان گەیاندووە؛ 11 پردی گەورە و بچووکی پەڕینەوە بەتەواوی داڕماون و 63 گوندی سنوورەکە کێشەی هاتووچۆیان بۆ دروست بووە. لافاوەکە کتوپڕ و بەهێز بووە، وێڕای زیانە گەورەکەی بۆ رێگاوبان، زیانی بە پڕۆژەکانی ئاو، کارەبا، قوتابخانە و ماڵی هاونیشتمانیانیش گەیاندووە.
 
فەریق حوسێن، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "کاژێر 2:30ی شەو بوو لافاو هات، کوڕە خاڵێکم بەئاگای هێنام و منی بردە ماڵی خۆی. ماڵەکەم هیچی تێدا نەماوە سوودی هەبێت؛ کەوەنتەر، راخەر و هەموو شتێک فەوتا."
 
رەزاق عەزیز، هاونیشتمانییە و باس لەوە دەکات، "ئەوە چەند ساڵە لافاوی لەو شێوەیەمان نەبینیوە، نە کارەبا ماوە، نە ئاو و نە رێگاوبان. ئێستا ئێمە لەڕووی رێگەوە گەمارۆ دراوین و شتێکمان بوێت ناگەینە هیچ شوێنێک."
 
ئێستا تیمە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لەسەر هێڵن و قایمقامییەتیش سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانە.
 
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکانە و ئاماژە بەوە دەدات، "لە ئێستادا تیمەکان خەریکی کارکردنن بۆ ئەوەی بە زووترین کات رێگەی سیدەکان بەرەو ناحیەی کانی رەش و گوندەکانی دیکە چارەسەر بکرێت. جگە لەمەش، تۆڕەکانی کارەبا کە زیانیان بەرکەوتبوو و ببووە هۆی پچڕانی کارەبای چەند گوندێک، لە ئێستادا تیمەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی بە زوویی کارەبا بۆ ئەو گوندانە بگەڕێتەوە."
 
ئەمە دووەم لافاوی وێرانکەرە لە 10 ساڵی رابردوودا ناوچەکە بگرێتەوە؛ لافاوێک کە لە چەند کاژێرێکی کەمدا هەموو شتێکی تێکدا و چاککردنەوەی شوێنەوارەکانی، کات و تێچوویەکی زۆری دەوێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە