رووداو دیجیتاڵ
لە زاخۆ کچێک بڕی هەشت هەزار و 800 دۆلار دەدۆزێتەوە و دواتر دەیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی. پۆلیسی دهۆکیش دەڵێت، سەربەرزین بەو کارەی ئەنجامی داوە.
دیلان سەلیم، خەڵکی زاخۆیە و تەمەنی 24 ساڵە و قوتابی قۆناخی 12ی ئامادەییە. پێش دوو رۆژ بەمەبەستی کڕینی چەند کەلوپەلێک سەردانی بازاڕی کردووە و جزدانێکی دۆزیوەتەوە کە پارەی تێدابووە و دواتر پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە و پارەکەی بۆ خاوەنەکەی گەڕاندووەتەوە.
دیلان ئاماژە بەوە دەدات، ئەو بڕە پارەیەی ئەو دۆزیویەتییەوە ئەمانەت بووە و لەبەرئەوە بڕیاری گەڕانەوەی پارەکەی داوە. دەشڵێت "لەگەڵ پۆلیس قسەمان کرد و دواتر خاوەنی پارەکەمان دۆزییەوە و پارەکەم گەڕاندەوە".
دیلان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەشڵێت، پۆلیسی پارێزگای دهۆک و قەزای زاخۆ و خاوەنی پارەکەش دەستخۆشییان لێکردووە.
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەناوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک سوپاسی ئەو کچە دەستپاکە دەکەین و سەربەرزین بەو کارە. " ئەوە جاری یەکەمیش نییە کە بەمشێوەیە خەڵکانێک پارە دەدۆزنەوە و دواتر دەیگێڕنەوە بۆ خاوەنەکەی".
دیلان سەلیم لە رادیۆی رووداو باسی چۆنیەتی دۆزینەوە و گەڕانەوەی پارەکە دەکات
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ