رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق زیاتر لە 30 ملیار دیناری بەڵێندەرانی کەرکووک تەنیا بۆ ساڵی 2023 قەرزدارە و هیچ بڕە پارەیەکیشی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ساڵانی 2024 و 2025 تەرخان نەکردووە. کارگێڕیی پارێزگای کەرکووک چەندین نووسراوی تایبەت بە تەرخانکردنی بودجەی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە.
قاسم ئیبراهیم، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک بۆ کاروباری تەکنیکی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، راستە بەشێک لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کەرکووک کاریان تێدا دەکرێ، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستەوە کارکردن لە نزیکەی 70% بۆ 80%ی پڕۆژەکان راگیراوە.
ئەو یاریدەدەرەی پارێزگاری کەرکووک گوتیشی، "ئەو بڕە پارەیەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ بۆمان هاتووە تەنیا 25 ملیار دینار بووە بۆ خەرجی پڕۆژەکانی ساڵی 2023، کە ئەوەش بەشی تەواوکردنی هەموو پڕۆژەکان ناکات."
بە گوتەی قاسم ئیبراهیم، "هێشتا زیاتر لە 30 ملیار دیناری 2023 ماوە بۆمان خەرج بکرێت، جگە لە بودجەی ئەو پڕۆژانەی لە ساڵی 2024 پەسند کراون."
هاوکات نەوزاد ئەنوەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتی بەڵێندەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بەڵێندەران لە گیرفانی خۆیان پارە خەرج دەکەن و ئێستا لەژێر قەرزێکی زۆردان و تووشی دەیان کێشە و گرفت بوون."
نەوزاد ئەنوەر راشیگەیاند، "بەڵێندەرانی کەرکووک زۆربەی ئەو پڕۆژانەیان راگرتوون کە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان جێبەجێدەکرێن. پڕۆژە وەستاوەکان گرنگن و بریتین لە دروستکردنی باخچە، قوتابخانە، پرد و رێگەوبان، لە کاتێکدا هەندێک لە پڕۆژە بەردەوامەکان لەسەر بودجەی پیترۆدۆلارن. جگە لەوەش، بەڵێندەرەکان بۆ بەردەوامیی پرۆژەکان لە گیرفانی خۆیان پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ